ئه‌وه شتێکی سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بوو که سه‌ربه‌خۆییخوازیی کورد له‌ناو پاشاگه‌ردانیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له‌گه‌ڵ ئه‌جندای سیاسیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه و ته‌نانه‌ت زلهێزه به‌ناو دێمۆکراتیکه جیهانییه‌کانیش ناکۆک و ناته‌با بێ. به له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی ده‌وڵه‌ت- سه‌نته‌ری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش، وێناکردنی دۆخێکی ئایدیاڵ که تێیدا کورد بتوانێ به که‌مترین تێچوون به‌رزترین خه‌ون و مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی وه‌دی بهێنێ، له خۆشخه‌یاڵی واوه‌تر ناچێ (هه‌رچه‌ندە گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌گه‌ر ناوماڵی کورد گردوکۆ بووایه، کورد ده‌یتوانی باشتر به‌رگه‌ی پاشله‌رزه‌کانی په‌یامی ڕێفراندۆم بگرێت).
ئه‌و ئیحراجییه عێراقی، ناوچه‌یی و بگره جیهانییه‌ش که ڕێفراندۆم دروستی کرد، هی ئه‌وه نه‌بوو که - به‌پێچه‌وانه‌ی لافی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا – رێفراندۆم کرده‌یه‌کی ناشه‌رعی بووبێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه؛ ئه‌وان و هه‌موو ئه‌وه‌کانی تریش، بۆیه وا له ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم ده‌سه‌ڵمینه‌وه و ئێستاش به ئاکامه‌که‌ی قه‌ڵسن، چونکه هه‌موو لایه‌ک له بنه‌مای به‌هێزی ئه‌خلاقی و مه‌شروعیه‌تی دێمۆکراتیکی بڕیارێک دڵنیان که پشت به ڕێفراندۆم ببه‌ستێ. ڕێفراندۆم کاراترین مێکانیزمی دێمۆکراسیی ڕاسته‌وخۆیه. له‌هه‌مووشی مه‌ترسیدارتر – بێگومان له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه - ئه‌وه‌یه که ده‌نگی ''به‌ڵێ'' له ڕێفراندۆمی کوردستاندا، مه‌جالی بۆ هیچ مانۆڕدانێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان چی ده‌وێ و چی ناوێ، نه‌هێشته‌وه. کورد بۆ یه‌که‌مینجار له مێژوودا، به مه‌شروعترین شێواز، مه‌شروعترین داوای خۆی به‌گوێی دنیادا دا.
ئه‌وانه‌ی به‌زه‌بری هێز داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کانی ڕێفراندۆم ده‌که‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌یه که هیچ ڕێگه‌یه‌کی لۆژیکییان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئاکامی ڕێفراندۆمه‌که و بایه‌خی ستراتیژیکی په‌یامه‌که‌ی، پێ شک نایەت. ڕاسته ئێستا کۆسپی گه‌وره -به‌ڵام کاتی - هاتوونه ڕێی وه‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی ڕێفراندۆمی 25 ی سێپته‌مبه‌ری کوردستان (ده‌ڵێم کۆسپی کاتی، چونکه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وام ئاوسه به گۆڕانکاریی گه‌وره و چاوه‌ڕواننه‌کراو، بۆیه له‌هه‌ناوی هه‌ر نسکۆیه‌کی سیاسیش‌دا ده‌شێ گه‌رای هه‌ستانه‌وه‌یه‌کی نوێ ئاماده بێت). به‌وه‌شه‌وه دوو ڕاستیی هه‌نووکه‌یی هه‌ن، که شیاوی حاشالێکردن نین:
یه‌که‌م، هیچ سه‌رکوتێک - وه‌ک چۆن له ڕابردوودا نه‌یتوانیوه، ئێستا و له داهاتووشدا- ناتوانێ خولیای سه‌ربه‌خۆیی له ناو کورددا ڕیشه‌کێش بکا، بۆیه بیرکردنه‌وه له هه‌ر چاره‌سه‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ بارودۆخی ئێستا، بێ مشوورخواردن له‌م پرسه بنه‌ڕه‌تییه، ته‌نیا پووشبه‌سه‌رکردنی ئه‌سڵی کێشه‌که و خۆدزینه‌وه له چاره‌سه‌رێکی پایه‌داره، هه‌ربۆیه به ته‌بیعه‌تی حاڵ دره‌نگ یان زوو، مه‌حکووم به شکست ده‌بێت. هیچ واقعبینییه‌ک له نه‌بینینی ئه‌م واقعیه‌ته‌دا نیه.
خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌ی که، گریمان هێزه ده‌ره‌کییه‌کانیش خۆیان له په‌یامی ڕێفراندۆمی خه‌ڵکی کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بان کردبێ و بکه‌ن، هێشتاش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی خۆی - به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌های دێمۆکراسی بۆیان بایه‌خداره - ناتوانن ده‌لاله‌ته دێمۆکراتیکه‌کانی ڕێفراندۆم له‌به‌رچاو نه‌گرن و خۆی لێ گێل بکه‌ن. هه‌ن ئه‌وانه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی ویستی سه‌ربه‌خۆییخوازی بوون، هه‌شن ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازییان به ڕه‌وا زانیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم کێشه‌یان هه‌بوو، هه‌شن دوای هێرشه گه‌وره‌که‌ی حکومه‌تی به‌غدا، له خودی ڕێفراندۆم که‌وتوونه گله‌یی؛ گله‌یی هه‌ر یه‌ک له‌و ته‌یفانه هه‌رچییه‌ک بێت و هه‌ڵوێستی مه‌به‌دئییان هه‌رچییه‌ک بووبێت، هێشتاش ناتوانن خۆ له جه‌وهه‌ری دێمۆکراتیکی ڕێفراندۆم بدزنه‌وه. به دەر‌بڕینێکی تر، گریمان ئه‌وان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ کات، مێکانیزم یان په‌یامی ڕێفراندۆمیش هه‌بووبێت، هێشتاش – به‌ده‌ر له هه‌ر هۆگرییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییش- که‌مترین باوه‌ڕ به سه‌ره‌تاکانی دێمۆکراسی وایان لێ ده‌خوازێ له ئاست ده‌نگی ''به‌ڵێ''ی نزیک 93%ی به‌شدارانی ڕێفراندۆم، ئه‌ویش به‌و ڕێژه به‌رزه‌ی به‌شداریی گشتییه‌وه، لێپرسراوانه و ته‌با له‌گه‌ڵ ڕۆحی دێمۆکراسی، ڕه‌فتار بکه‌ن.
هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک له‌وه گه‌وره‌تر نییه که بۆ گه‌ڕان به دوای سه‌به‌بکاره ساختارییه‌کانی نسکۆی سه‌ربازیی دوای ڕێفراندۆم، به‌رۆک به خودی ڕێفراندۆمه‌که بگرین. ئەوەی دەوڵەتە دڕندەکانی دوژمنی کوردی لە کورد ھارووژاندووە، ئەو میسداقیەتە دێمۆکراتیکەیە کە نەتیجەی ڕوونی ڕێفراندۆم بە پرسی مێژوویی کوردی بەخشیوە و تازە بە کەس حاشای لێ ناکرێ. ئەو باجەی کورد دەیدا لەبەر نەفسی ڕێفراندۆم نییە، لەبەر سەرکەوتنی ڕێفراندۆمە له ده‌ستبه‌رکردنی هه‌ڵوێستێکی قاتعی نه‌ته‌وه‌ییدا، ئه‌ویش نه‌ک هه‌ر له ناو هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵکو له ناوچه ناکۆکی له‌سه‌ره‌کانیشدا.
باشیی ئه‌م بارودۆخه نه‌خوازراوه‌ی ئێستای ئێمه ئه‌وه‌یه که بۆ تێگه‌یشتن له هۆکاری شکست و نه‌هامه‌تییه‌کان، پێویست ناکا ڕێیه‌کی دوور بڕۆین. چاره‌سه‌ر ته‌نیا جێبه‌جێکردنی جدیی ئه‌و چاکسازییه ڕیشه‌ییانه‌یه که چاره‌که سه‌ده‌یه‌که خه‌مخۆرانی نیشتمان، به‌هه‌زارویه‌ک زمان، به گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانیاندا داوه. ته‌نیا شتێک که ئێستا ئیتر بۆ هه‌مووان ڕوون بووەته‌وه و به‌ڵگه‌نه‌ویسته، ئه‌و ڕاستییه‌یه که ناکرێ چاوه‌ڕێ بین هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ی بۆخۆیان هۆکاری نه‌هامه‌تییه مێژووییه‌کانن و، ڕێفۆرمیش ڕێک له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وان ده‌دا، خۆیان به ڕه‌حمه‌تی خۆیان، چاکسازی بکه‌ن. نووکی ڕمی ڕه‌خنه و هه‌ڵمه‌تی گۆڕانکاری ڕیشه‌یی ده‌بێ ڕووی له‌م هێزانه بێت، نه‌ک له ڕێفراندۆم، له نوێنگه‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردستان.
ئه‌وپه‌ڕی هاودژیی ئه‌خلاقی و سیاسییه ئه‌گه‌ر ئه‌و هێز و ڕه‌وته ناڕازییانه‌ی په‌رۆشی دێمۆکراسین له هه‌رێمی کوردستان، به‌رامبه‌ر ڕێفراندۆم، وه‌ک گه‌وره‌ترین ئه‌زموونی دێمۆکراسیی ڕاسته‌وخۆ له کوردستان، هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤیان هه‌بێت. له‌ڕاستیدا هه‌ر پلاتفۆرمێکی دێمۆکراتیک و ڕزگاریخواز بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه سیستماتیکه‌ی حوکمڕانی له کوردستاندا، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌ڵگری که‌مایه‌سییه‌کی ئه‌خلاقی، سیاسی و ستراتیژیکی گه‌وره ده‌بێت.
پێویسته هه‌موومان وه‌ک گه‌ل، کورده باکوورییه‌کان گوته‌نی؛ له ئاکامی ڕێفراندۆم به‌خاوه‌ن ده‌ربکه‌وین. ئه‌مه پرسێکی نه‌ته‌وه‌یی نه‌وه له‌دوای نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتووی کوردستانه. به‌خاوه‌نده‌رکه‌وتن له ئاکامی ڕێفراندۆم ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕوانگه باوه‌ی دوای ڕێفراندۆمه که گۆیا ''خه‌ڵک قسه‌ی خۆی کردووه، ئێستا ئیتر نۆره‌ی سیاسییه‌کانه پارێزگاری له ده‌نگی خه‌ڵک بکه‌ن''. ده‌ست له‌سه‌رده‌ست دانان و چاوه‌ڕێکردنی که‌راماتی سه‌رکرده سیاسییه‌کان، هه‌رگیز بژاره‌یه‌ک نه‌بووه له ئاست هه‌ستیاریی پرسه‌که‌دا. ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ده‌نگدانی نێوان دوو هه‌ڵبژاردن نه‌بووه تا هه‌تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دابنیشین و چاو‌دێریی کارنامه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌کان بکه‌ین. ڕاسته فازی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆمی 25ی سێپته‌مبه‌ر به‌سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی هات، به‌ڵام فازی دژواری چه‌سپاندنی ئاکامی ڕێفراندۆم پڕۆسه‌یه‌که، که ته‌نانه‌ت به جاڕدانی سه‌ربه‌خۆییش دوایی نایەت.
نه‌یارانی مافخوازیی کورد هه‌وڵێکی زۆریان دا تا ڕێفراندۆم و ئه‌نجامه‌که‌ی بارزانیزه بکه‌ن. بارزانیزه‌کردنی کۆی پرسه‌که، بۆ ئه‌وه بووه که له‌لایه‌که‌وه پرسی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک ''سه‌رکێشیی بارزانی'' وێنا بکه‌ن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه، له‌چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تی و کارنامه‌ی سیاسیی بارزانیدا، خۆیان له هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، وه‌ک پرسێکی سیاسی- مێژوویی، بدزنه‌وه.
هه‌ر پلاتفۆڕمێکی سیاسی و ڕۆشنبیرانه که شوێنپێی ئه‌و ڕێبازه‌ی سه‌ره‌وه بگرێ، ده‌که‌وێته ناو بۆسه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌وه. له‌جێی خۆیدا بارزانی، وه‌ک لێپرسراوی یه‌که‌می ئه‌م سیستمه قه‌یرانلێدراوه‌ی حوکمڕانی، شیاوی ڕه‌خنه‌ی تونده. کۆی سیستمه‌که‌ش پێویستی به چاکسازی و پاکسازیی ڕیشه‌یی هه‌یه. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی که ڕێفراندۆم به‌ده‌سپێشخه‌ری و بگره پێداگریی بارزانی ئه‌نجام دراوه، هیچ شتێک له‌و ڕاستییه ناگۆڕێ که ئه‌نجامی ڕێفراندۆم، دواجار ئیفاده‌ی ئیراده‌ی دێمۆکراتیکی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کا، نه‌ک هیچ شتێکی تر.
وه‌ک په‌نده کۆنه‌که ده‌ڵێ؛ ناشێ کۆرپه له‌گه‌ڵ سه‌تڵه‌چڵکاو تووڕهه‌ڵبدرێ. هێزه باڵاده‌سته‌کانی کوردستان له‌م دۆخه دژواره‌ی ئێستا به‌رپرسیارن نه‌ک ڕێفراندۆم. له‌ڕاستیدا، ئێستا له هه‌مووکات زیاتر، پێویسته که په‌یامی ڕێفراندۆم، له به‌رگی به‌رته‌سکی حیزبی و تاکه‌که‌سی ده‌ربهێندرێ و به‌نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بکرێت. شۆڕش له شاخ ده‌کرا، په‌یامی ڕێفراندۆم پێویستی به شه‌قامه. ئه‌مه‌ش ئه‌رکی هه‌ر تاک و گروپێکی خه‌مخۆری ڕاسته‌قینه‌ی دواڕۆژی ئه‌م وڵاته‌یه. نابێ بهێڵدرێ په‌یامی سه‌روه‌ریخوازیی گه‌لی کوردستان، له سیابازاڕی ساتوسه‌ودای سیاسییه‌کاندا هه‌رزانفرۆش بکرێت. پرسی سه‌ربه‌خۆیی پرسی هیچ تاکه‌که‌سێک نییه، به‌ڵکو پرسی ئێمه‌یه، ئێمه‌ی مه‌زنترین نه‌ته‌وه‌ی هه‌قخوراوی دنیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ