ئاغا و خانمی كراواتی

17-02-2018
پەری كەریمی نیا
نیشانەکردن چیرۆک
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەوەی كە ژنێك جلێكی كورت لەبەربكات و بە بەردەمتاندا بڕوات، چ هەستێك دەتانگرێت و یان چی لە مێشكتاندا دەخولقێنێ، بۆ خانمی كراواتی خاڵێك نەبوو كە ئەوڕۆ ببێتە بەربەست. بەربەستێك كە نەهێڵێت جلێكی كورت لەبەر بكات، جلێكی كورتی تا سەرئەژنۆ، تەخت خۆڵەمێشیی پڕ لە گوڵی سوور و سپی. گۆرەوییەكی ناسك ناسكی گۆشتیی شووشەیشی لەپێ كرد. گۆرەوییەكە رێكییەكی دڵڕفێنی بە پاوپووزی خانمی كراواتی بەخشی. كراسەكەی بێقۆڵ بوو. 

پێش ئەوەی لە ماڵ بێتە دەر، ئاغای كراواتی پرسیاری كرد كە ئەو جلە هەروا كورت بووە یان خۆی ئاوا كورتی كردووەتەوە؟

 خانمی كراواتی سەیرێكی مۆبلەكەی كرد كە لەسەری دانیشتبوو. بەو سەیركردنە ئاغای كراواتی وا تێگەیشت كە خانمی كراواتی دەیەوێت بڵێت موبلەكە جلەكەی ئەوی كێشاوەتە سەرەوە. خانمی كراواتی كاتێك كە لەسەر موبلەكە دانیشتبوو، موبلە خەتخەتەكە رەنگە ویستبێتی هەندێ ژوورتر لە ئەژنۆی خانمی كراواتی ببینێ، بۆیە پێستە خەتخەتەكەی لە جلەكەی گیراندووە.  بە هەر جووڵەیەكی خانمی كراواتی، موبلە خەتخەتەكە هەندێ لە جلەكەی بردووەتە سەرەوە. ئەو كات كە خانمی كراواتی لەسەر موبلەكە هەستاوە، جلەكەی یەك بست لەسەر ئەژنۆیەوە بوو. لە هەمان كاتیشدا هەستی كرد كە جلەكەی بە موبلەكەوە نووساوە. هێزێكی زیاتری دایە خۆی بۆ ئەوەی لە موبلەكە خۆی جوێ بكاتەوە. كە جووڵەكەی كرد، دەنگێكی دوور و لێڵی كەوتە بەر گوێ.
ـ   میاو... 

سەیرێكی ناو ژوورەكەی كرد، پشیلەیەكی بەرچاو نەكەوت. وای دانا كە جیڕەی موبلەكە بووبێت. 
 كە هەستا بە جێی ئەوەی سەیری ئاغای كراواتی بكات، سەیری موبلەكەی كرد كە لەشی شوێنێكی لەسەر موبلەكە بەجێهێشتبوو. درەوشاوەییەك لەسەر ئاوێنەكەی بەرانبەر، سەرنجی خانمی كراواتیی بۆ لای خۆی راكێشا. سەیرێكی ئاوێنە رەنگ زێڕینەكەی كرد و سووڕێكی بەدەوری خۆیدا لێدا. یەخەی جلە كورتەكەی تۆزێك راستەو پاستە گرت.  لە ئاوێنەكەوە ئاغای كراواتی بینی كە خەریكە شوێنی بەجێماوی لەشی لەسەر موبلەكە دەشەوێنێت. لەو راستەو پاستەگرتنەی یەخەی كراسەكەیدا، ملوانكەكەی رێكوپێكتر كرد. ملوانكەكە شێوەی دارێك بوو كە لق و پۆی بە دەوروبەری خۆیدا كێشابوو. مەبەستی خانمی كراواتی لە رێككردن ئەوە نەبوو پێچی زریزەی ملوانكەكەی چاك بكات، بەڵكوو زریزەكەی كورتتر كردەوە و لە ناوەڕاستی سینگیدا داینا. ئاوا گەردنی بەرزتر و كێشراوتر خۆی دەنواند.

ـ كێلگەردن.
خانمی كراواتی ئەم وشەیەی بە ئەسپایی لە دڵی خۆیدا گوت.

 لە ئاوێنەكەوە بارانی بینی كە نمە نمە خۆی دەكێشێت بە شووشەی پەنجەرەكەدا. پەردەكە نمنمی بارانەكەی لێڵ كردبوو. مێزی قاوە خواردنەكەی تێپەڕاند و بەرەو لای پەردەكە چوو هەڵیبداتەوە. خۆی باریك كردەوە بۆ ئەوەی لە هیچ كوێ نەگیرێت و گۆرەوییەكانی تاڵكێش نەبن. باران لە نمەنمە زیاتر بوو. بە رەهێڵە دەباری. رەهێڵەكان یەك یەك و جووت جووت خۆیان بە شووشەكەدا دەكێشا. خانمی كراواتی هەستی كرد كە شووشەكە بە تەواوەتی لە بەردەم ئەو رەهێڵانەدا خووساوە.  تامەزرۆی ئەوەی كرد كە ئەویش لەو خووسانەدا بەشدار بێت. خۆی نووساند بە پەنجەرەكەوە.
ـ  میاو.. 

 ئەو دەنگە سەرنجی خانمی كراواتیی بۆ دەرەوە راكێشا. پشیلەیەك بە پەلە لە جادەكە دەپەڕییەوە. 
كە خۆی بە پەنجەرەكەوە نووساند، هەستی بە فێنكاییەك كرد. هەرچەند هەستەكە بچووك بوو، بەڵام هەرچییەك بێت هەست بوو. خانمی كراواتی وای بیر دەكردەوە كە ئەگەر پەنجەرەكە بە جێگەی ئەوەی بە دیوارەوە هەڵواسراوە، هەر وا لەسەر عەرز رابكێشرایە، بێگومان زیاتر لە بەردەم رەهێڵەكاندا دەخووسا و ئاستی هەست بە فێنكایەتی لە ئەمیشدا زیاتر دەبوو.

لەشی خانمی كراواتی گەرمایەكی بە شووشەكە بەخشی. هەڵمێك لەسەر شووشە خووساوەكە دروست بوو. هەڵمەكە لەسەر بەشەكانی تری شووشەكە پەرەی سەند. خانمی كراواتی بە هاڵاوی دەمی، پەرەی بە گەورەبوونی هەڵمەكە بەخشی. هەڵم لەسەر شووشە خووساوەكە بووە بازنەیەكی گەورەی تۆخ. پێش ئەوەی بازنە گەورە تۆخەكە كاڵ بێتەوە، باسكە رووتەكانی نووساند بە پەنجەرەكەوە. بە دوو قامك دڵێكی گەورەی لەسەر هەڵمەكە كێشا. دڵێكی گەورە بە راددەی گەورەیی هەڵمەكە.  ئاغای كراواتی لەو كاتەدا كە خانمی كراواتی بەم كارانەوە سەرقاڵ بوو، چووە بەردەرگا بۆ ئەوەی بزانێت كە ئەوڕۆ هیچ پۆستێكیان هەبووە یا نا. كە گەڕایەوە دەستی بەتاڵ بوو. 

پێش ئەوەی ئاغای كراواتی بێتە ژوورەوە، بینی كە دڵێك و رەهێڵەكانی باران بەسەر شووشەی پەنجەرەكەوەن. خانمی كراواتی بە جلە كورتەكەیەوە تازە دەستی لە كێشانی دڵەكە هەڵگرتبوو. رەهێڵەكانی باران بە حوججەت خۆیان بە سەروملی ئاغای كراواتیدا دەكێشا. ئاغای كراواتی بە پەلە خۆی بە ژوورێدا كرد. پێش ئەوەی دەركەكە دابخا بینی كە پشیلەكە بۆ پەنایەك دەگەڕێت خۆی لەو رەهێڵە بارانە رزگار بكات. خۆبەژوورێداكردنی ئاغای كراواتی و شكایەتكردن لە رەهێڵەی باران پێكەوە روویدا. ئاغای كراواتی داوای لە خانمی كراواتی كرد لەبەر پەنجەرەكە بێتە ئەملاوە. خانمی كراواتی لەبەر پەنجەرە هاتە ئەملاوە، بەڵام دڵەكەی لەسەر شووشەی پەنجەرەكە بەبێ دەستكاری واز لێهێنا. پەردەكەیشی دانەدایەوە.

هەر كە خانمی كراواتی بەر پەنجەرەكەی بەجێهێشت، ئاغای كراواتی بە پەلە پەردەكەی دادایەوە. ویستی پەردەكە وەكوو یەكەمجار رێكوپێك بكاتەوە، واتە بیخاتە سەر دۆخی پێشتری، دۆخێك پێش ئەوەی خانمی كراواتی رێكخستنەكەی بشێوێنێ. ئاغای كراواتی جارێك سووچی راستی پەردەكەی هەڵگرت و دایەوە بەسەر لاكەی دیی پەردەكەدا. تۆزێك سەیری كرد ئەمەی بەدڵ نەبوو. پێی وانەبوو كە پەردەكە سەرەتا وابووبێت. جارێكی دیكە دەستی برد كە بە رێكوپێككردنی لۆچەكانی پەردەكە ئەو رێكخستنەوەیە دروست بكاتەوە. لۆچی لای راستی زیاد كرد و لەلای چەپی لۆچییەكی كەمتری بەجێهێشت. ئەمەشی تێكدا و لۆچەكانی لە ناوەڕاستی پەردەكەدا كۆكردەوە. لای راست و چەپی پەردەكە وەك سەری كەچەڵ وابوو. ویستی شێوەیەكی دی تاقی بكاتەوە.

لە هەمان كاتدا كە ئاغای كراواتی ویستی شێوەیەكی تر تاقی بكاتەوە، خانمی كراواتی دەركەی دەرەوەی كردەوە. لەوە دەچێت هەر دووكیان پێكەوە پشیلەكەیان دیبێت كە خۆی لەژێر ماشێنەكەی خانمی كراواتیدا حەشار داوە. خانمی كراواتی دەیویست بڕواتە دەرەوە. پشیلە بە كرانەوەی دەرگاكە هیچ جووڵەیەكی نەكرد و هەر بەو شێوەی پێشوو درێژەی بە خۆ حەشاردانەكەی لەژێر ماشێنەكەدا دا.

 ئاغای كراواتی لەگەڵ ئەوەی كە هێشتا هەر خەریكی رێكخستنەوەی پەردەكە بوو، لە پشت  پەردەكەوە سەیری دەكرد كە خانمی كراواتی بە دەست پشیلەكەی گرتووە و لەژێر ماشێنەكەی لایدەبات. پشیلەكە نایەوێ بچێتە بەر رەهێڵەی بارانەكە. چڕنووك لە دەستی خانمی كراواتی دەگرێت. ئاغای كراواتی خانمی كراواتی بینی كە پشیلەكەی لەدەست كەوتە خوارەوە. رەنگە ئێشی چڕنووكەكە زۆر بووبێت و یا پشیلەكە خۆی خۆی خستبێتە خوارەوە. نەیزانی. كە سەیری دەموچاوی خانمی كراواتیی كرد هیچ شتێكی نەخوێندەوە. 

پشیلەكە بەژێر بارانەكدا غاری دا. 
ئاغای كراواتی هێشتا دەستی لە رێكخستنەوەی پەردەكە هەڵنەگرتبوو كە خانمی كراواتی ماشێنەكەی هەڵكرد.
 خانمی... چرای ئاماژەی دەستی چەپی لێدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە