چیرۆکی من؛ حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ.. ئەو شەڕکەرەی هەموو موسڵمانان شانازی پێوە دەکەن

04-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ چیرۆکی من
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ، پاڵەوانی رووسی لە هونەرەکانی شەڕ، کە بە 'باز' ناودەبرێت، چیرۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە، هەر لە منداڵیی خۆیەوە تاوەکو دەبێتە پاڵەوانی جیهان.
 
ناوی حەبیب عەبدولمەناف نۆرماگۆمیدۆڤە، رۆژی 20ـی مانگی 9ـی ساڵی 1988 لە سێلدی لە رووسیا لەدایکبووە، کە دووەم منداڵی نێو سێ منداڵی دایک و باوکییەتی، دایکی ناوی فاتیمەیە و باوکیشی عەبدولمەناف نۆرماگۆمیدۆڤە.
 
ئەو پاڵەوانەی هونەرەکانی شەڕ لەدایکبوونەکەی لە رووسیا بوو، بەڵام بەڕەچەڵەک داغستانییە، لە ناوچەی کیرۆفۆلی لادێنشین لە رووسیا لەگەڵ کوڕانی مامەکانی و ماگۆمیدی برای و ئامینەی خوشکە بچووکەکەی گەورەبووە.
 
حەبیبی گەنجیش لە هەمان ناوچەی لادێنشین لە خێزانێکی ئاست ناوەند لە رووی داراییەوە ژیاوە، کوڕێکی بەردەوام بە جوڵە بوو، گەڕەک و ماڵەکەیشی بێزارکردبوو.
 
منداڵییەتی حەبیب پڕبوو لە چالاکی، بەردەوام بەسەر دار و درەختەکان دەکەوت، خۆی دەهاوێشتە نێو حەوشەی ماڵی دراوسێیان، وەستانی نەبوو، بەردەوام لە شوێنێکەوە دەچووە شوێنێکی دیکە.
 

عەبدولمەناف باسی ژیانی زووی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت "ئەوکاتەی حەبیب تەمەنی گەیشتبووە 8 ساڵان سۆزێکی زۆری بۆ هونەرەکانی شەڕ لای دروستبوو، ئەویش بەهۆی ئەوەبوو کە هەموو رۆژێ دەیبینی من لە ژێرزەمینی ماڵەکەمان مەشق بە یاریزانەکانم دەدەم، دواتر خانووەکەمان کە دوو نهۆمی بوو کردمانە هۆڵی وەرزشی".
 
هەروەها باوکی حەبیب، دەڵێت "لەگەڵ ئەوەشدا حەبیب بە زۆرانبازی دەستیپێکرد، لەبەرئەوەی ئەوکات ئەو یارییە لەنێو منداڵانی کیرۆفۆل زۆر باوبوو، ئەو هەرزوو وەک زۆرانبازێکی باش خۆی دەرخست و تەنانەت لە تەمەنی 9 ساڵیدا زۆرانبازی لەگەڵ ورچێکدا کرد".
 
نورماگۆمیدۆڤ لە جودۆوە دەستی بە مەشقکردن کرد کاتێک تەمەنی 15 ساڵان بوو، پەرجۆیەکی دۆزییەوە وایلێکرد شەڕکردن زەحمەت بێت، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو. ئەوەبوو لە تەمەنی 17 ساڵیدا، باوکی بەخێرایی فێری شەڕی سامبۆی کرد و رێگەی پێدا شەڕی سەر شەقامەکان بکات.
 
ژیانی پیشەیی حەبیب نورماگۆمیدۆڤ
 
کاتێک بەشداری لە شەڕی سەر شەقامەکان کرد، حەبیب وەک کوڕێکی بوێر و ئازا دەرکەوت و ئیدی بڕوای بەوەکرد کە هونەری شەڕ بۆ ئەو گونجاوە و دەتوانێت تێیدا رکابەری بکات. بەمشێوەیە کاتێک زانی کاتەکە گونجاوە، نورماگۆمیدۆڤ بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2008 وەک شەڕکەرێکی پیشەگەر دەرکەوت و لە مانگێکدا چوار سەرکەوتنی بەدەستهێنا، و دواتر هەر کاتێک یاری هەبووایە هەمووان دەیانزانی کە حەبیب براوەکەیە.
 
رێگەی حەبیب بەرەوە نێوبانگ
 
کۆتایی ساڵی 2011 خاڵی وەچەرخان بوو بۆ نۆرماگۆمیدۆڤ، کە زنجیرەیەک سەرکەوتنی بەسەریەکەوەی بەدەستهێنا و لەگەڵ UFC رێککەوتنی کرد، ئەو هەر لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر کەمال چالۆس لە سەرەتاکانی 2012 وەک هێزێک دەرکەوت کە وەستاندنی مەحاڵ بێت. لە نیساندا رافایێل دۆس ئانجۆسی تێکشکاند.
 
لە مانگی 9ـی ساڵی 2014 تاوەکو 2015 ناچاربوو چەندین رووبەڕووبوونەوەی هەڵبوەشێنێتەوە و بەهۆی خراپی باری تەندروستی و پێکان لە ئەژنۆی.
 

رێگەی نێوبانگ دەستیپێکرد
 
لە ساڵی 2016 حەبیب گەڕایەوە نێو رکابەری و سەرەتا دارێل هۆرشێری بەزاند و دواتریش نێوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا دوای ئەوەی شکستی بە لاکوێنتا هێنا. 
 
حەبیب دوای ئەوەی یارییە بەنێوبانگەکەی لە کۆنۆر ماکگریگۆری بردەوە بووە خاوەنی 28 سەرکەوتنی بەسەریەکەوە، بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێت، کە درێژترین زنجیرەی سەرکەوتنە لە مێژووی ئەو یارییەدا.
 
پەیوەندی خۆشەویستی نورماگۆمیدۆڤ 
 
ئەگەر باسی ژیانی خۆشەویستیی حەبیب بکەین، نورماگۆمیدۆڤ هاوژینی هەیە و پێشتر پەیوەندییەکی رۆمانسی لەگەڵ هیچ خۆشەویستێکی کچدا نەبووە. وەرزشوانێکی شەڕکەرە، پەیوەندی هاوژینیی لەگەڵ پاتیمات هەیە، کە جگە لە ناوەکەی، میدیاکان شتێکی کەم لەبارەی هاوژینەکەی حەبیب نورماگۆمیدۆڤەوە دەزانن، چونکە تەنانەت لە رۆژی هاوسەرگیریشیاندا وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاونەکردەوە.
 
منداڵانی نورماگۆمیدۆڤ 
 
ئەو دوو هاوژینە وەک هاوڕێی منداڵی دەستیانپێکردووە و بەدرێژایی ساڵان پێکەوە ماونەتەوە تاوەکو هاوسەرگیریان کردووە. کەواتە ئەوە ئاشکرایە کە بۆچی نورماگۆمیدۆڤ تەنیا یەک خۆشەویستی هەبووە، پێش ئەوەی پاتیمات پەیوەندییەکەی نێوانیان بۆ دوو منداڵ تەرخان بکات، کچێک بەناوی فاتیمە (لەدایکبووی 1ـی حوزەیرانی 2015) و کوڕێک بەناوی مامود (لەدایکبووی کانوونی دووەمی 2017).
 
ئەندامانی خێزانی حەبیب نورماگۆمیدۆڤ
 
بۆ هەموو خێزانێک ئەندامانی بەنرخترین شتن لە ژیاندا، چەند راستییەکتان دەربارەی ئەندامانی خێزانی حەبیب نورماگۆمیدۆڤ بۆ دەهێنین، کە لە دایک و باوکییەوە دەست پێدەکەین:
 
 
دەربارەی دایکی حەبیب
 
فاتیمە دایکێکی خۆشەویست و پشتیوانی وەرزشیی هونەری شەڕە، هەمیشە گوێ لە حەبیب دەگرێت و دان بەوەدا دەنێت کە لە دڵی ئەودا لە پلەی یەکەمدا دەبێت، بۆیە حەبیب دان بەوەدا دەنێت کە فاتیمە خۆشەویستترین کەسیەتی.
 
دەربارەی باوکی حەبیب
 
باوکی حەبیب، ناوی عەبدولمەناف نورماگۆمیدۆڤە. ئەو سەربازێکی دێرین بوو لە سوپای رووسیا و راهێنەرێکی بەتوانای هونەرەکانی شەڕ بوو، بەڵکو دەتوانین بڵێین بەنێوبانگترین راهێنەری رووسییە، کە 18 پاڵەوانی ئەو یارییە لەبەردەستی ئەو پێگەیشتوون، بە حەبیبی کوڕیشییەوە. 
 
عەبدولمەناف نورماگۆمیدۆڤ، ساڵی 2020 لە تەمەنی 57 ساڵیدا، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، و بەهۆیەوە تووشی جەڵتەی مێشک بوو، و لە نەخۆشخانەی سەربازی لە مۆسکۆ گیانی لەدەستدا.
 

دەربارەی براکانی حەبیب
 
تەنیا  دوو برا و خوشکێکی هەیە، لەوانە برا گەورەکەی ماگۆمێد نورماگۆمیدۆڤ و خوشکە بچووکەکەی ئامینە. محەممەدیش شەڕکەرێکی تازەپێگەیشتووە، بەڵام هێشتا بەنێوبانگ نەبووە. سەبارەت بە ئامینەش، ئەو وەک زۆربەی مێینەکانی ماڵباتی حەبیب نورماگۆمێدۆڤ خۆی لە میدیاکان دەشارێتەوە.
 
دەربارەی کەسوکاری حەبیب نورماگۆمێدۆڤ
 
جگە لە دایک و باوک و براکانی حەبیب نورماگۆمیدۆڤ، زانیارییەکی کەم لەبارەی رەگ و ریشەی بنەماڵەی ئەو جەنگاوەرە یان باوباپیرانی هەیە، بەتایبەتی باپیر و داپیرەی. بەهەمانشێوە هیچ زانیارییەک لەبارەی مامەکانی نورماگۆمێدۆڤەوە نییە، لەکاتێکدا خوشکەزا و برازاکانی تاوەکو کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە نەناسراون. بەڵام حەبیب چەندین ئامۆزای دیار و بەرچاوی هەیە، لەنێویاندا عومەر نورماگۆمیدۆڤ کە لە یارییەکانی MMAشدا بەشداری دەکات.
 
راستییەکانی ژیانی نورماگۆمێدۆڤ
 
حەبیب نورماگۆمیدۆڤ کەسایەتییەکی گەورەی هەیە کە تایبەتمەندییەکانی زیرەکی، زانایی، بەخشندە و ماندوونەناسەکانی لەگەڵ کەسایەتییە باشەکەیدا تێکەڵ دەکات.
جگە لەوەش بەدەگمەن راستییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی ئاشکرادەکات، لە کاتێکدا خولیاکانی بریتین لە سەیرکردن و یاریکردنی تۆپی پێ، گەشتکردن و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی.
 
سەروەت و سامانی حەبیب
 
سەروەت و سامانی حەبیب نورماگۆمیدۆڤ، کە زۆربەی لە رێگەی یارییەکانی هونەری شەڕکردنەوە بەدەستیهێناوە دیارنییە، بەڵام ئەو پێویستی بە شکاندنی بانکەکان نییە بۆ ئەوەی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی بژیت. ئەو کۆشکێکی گەورەی لە شاری مخاچکاڵای پایتەختی داغستان هەیە. ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بەهای خانووەکەی نورماگۆمیدۆڤ نادیارە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتاوە بۆی دروستکراوە.
 
ئایینی حەبیب
 
حەبیب نورماگۆمیدۆڤ، موسڵمانێکی سوننی شافعی مازەبە. ئەو بووە یەکەم موسڵمان کە نازناوی زانکۆی کالیفۆڕنیا بەدەستبهێنێت. 
 
نورماگۆمێدۆڤ تاتۆی نییە و بەنیاز نییە لە داهاتووشدا هیچ تاتۆیەک لەسەر جەستەی بکێشێت، چونکە تاتۆ لە ئایینی ئیسلامدا رێگەی پێنەدراوە. نورماگۆمێدۆڤ موسڵمانێکی دڵسۆز و پابەندە، مەی ناخواتەوە و جگەرە ناکێشێت، چونکە ئەوانەش دژی ئایینەکەینە. 
 

بە 5 زمان قسە دەکات
 
حەبیب نۆرماگۆمیدۆڤ لە رووی زمانناسییشەوە بلیمەتە و بە چەندین زمان قسە دەکات؟ زمانەکان بریتین لە زمانەکانی ئاڤار، ئینگلیزی، رووسی، تورکی و عەرەبی، واتا ئەو دەتوانێت بە 5 زمان قسە بکات.
 
قژی بارۆکە
 
نورماگۆمێدۆڤ هەمیشە دوای ئەنجامدانی شەڕ و بردنەوە. قژی بارۆکە لەسەردەکات. چونکە بەشێکە لە کولتووری داغستان. لە کولتووری داغستاندا سەربازەکان قژی نوێ بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سەریان گەرم بێت.
 
بە گریانەوە وازیهێنا
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2020، سێ مانگ دوای مردنی باوکی، حەبیب لە ئەبوزەبی دوایاریی کاروانی وەرزشیی خۆی ئەنجامدا، کە بەرامبەر جەستن گەيتی ئەمریکی بوو. سوپرایزەکە ئەوەبوو کە دوای ئەوەی حەبیب سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەموو جیهانی شۆک کرد، کاتێک دەستیکرد بە گریان و دواتر بە بەرچاوی کامێرا و میدیاکاندا وازهێنانی یەکجاریی خۆی لە هونەرەکانی شەڕ راگەیاند، کە ئەوکات تەمەنی 32 ساڵ بوو.
 
حەبیب گوتی "وازهێنانم هەرگیز بەهۆی تەمەنەوە نییە، بەڵام من ئامادەنیم بەبێ بوونی باوکم هیچ یارییەکی دیکە بکەم. هەرگیز لە بڕیارەکەشم پاشگەز نابمەوە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە