وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بۆ پێنج ئامانج لە سووریا دەمێنینەوە

18-01-2018
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن سووریا
A+ A-

رووداو- هەولێر
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەکەی لە سووریا دەمێننەوە و ئامانجیش کۆتاییهێنانە بە هەژموون و بوونی ئێران لەو وڵاتەدا.

لە گوتارێکدا لە پەیمانگەی هووڤەر لە کالیفۆرنیا، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ستراتیژیەتی ئەمریکا لە سووریا قسەی کرد و رایگەیاند، بۆ پێنج ئامانج لە سوورریا دەمێننەوە؛ لەوانە رێگری لە گەڕانەوەی داعش، چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکانی سووریا لەنێوان گەل و حکومەتی سووریا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 بۆ بوونی سووریایەکی بێ ئەسەد.

بەگوتەی تیلەرسن بەشێک لە ئامانجەکانی دیکەیان  کۆتاییهێنانە بە هەژموونی ئێران لە سووریا، گەڕانەوەی ئاوارەکان و نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژە لەو وڵاتەدا.

رێکس تیلەرسن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا هەڵەی عێراق دووبارە ناکاتەوە و سەربازانی بکشێنێتەوە کە دواتر بووە سەرهەڵدانی داعش لە عێراق  .

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی "لەڕووی سەربازییەوە لە سووریا دەمێنێتەوە و جەخت لەسەر دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش دەکەینەوە، ئەرکی سەربازی ئێمە لە سووریا بەپێی ئەو شێوازە دەبێت داندراوە ناتوانین هەمان هەڵەی ساڵی 2011ـی عێراق دووبارە بکەینەوە کاتێک لە عێراق کشاینەوە، رێگە خۆش بوو بۆ سەرهەڵدانی قاعیدە لە عێراق کە دواتر دروستبوونی داعشی بەدواداهات، کەشێک بوو رێگەی دا داعش رەگ دابکوتێت لەو وڵاتە".

لەبارەی چەکە ئەتۆمییەکانی سووریا، رێکس تیلەرسن رایگەیاند، واشنتن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد سزای ئەو تاوانانە وەربگرێ کە بەرامبەر گەلەکەی کردوویەتی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و رێگەی دیکەش. 


داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە