چاک شومەر: دەبێت ئەمریکا پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکات

28-09-2017
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن ئەمریکا گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران لەبارەی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان رایدەگەیێنێت "دەبێت ئەمریکا پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکات و رێزیش لە ئەنجامی گشتپرسییەکەی کوردستان بگیرێت، هەروەها پێویستە بە زووترین کات کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ".


چاک شومەر، رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە هاتووە "دەبێت جیهان دان بە دەنگدانە مێژووییەکەی رۆژی دووشەممەی کوردستانی عێراقدا بنێت و رێزی لێ بگرێت، منیش پاڵپشتی تەواوی گەلی کوردی باکووری عێراق دەکەم".

رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت "باوەڕم وایە دەبێت بەزووترین کات کوردەکان دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبێت و پێویستە هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکاش پاڵپشتیکردن لە پرۆسەیەکی سیاسیی بێت کە وەڵامی ویستی کوردەکان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بداتەوە". 

چاک شومەر لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەنووسێت "لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، کوردەکان یەکێک لە بەهێزترین و باشترین پاڵپشتیکارە هاوبەشەکانمان بوون لەسەر زەویدا لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا و ئێمەش زۆرجار پشتمان بە پێشمەرگە بەستووە. ئەوان پاڵپشتیان لە مافی کەمایەتییەکان لە ناوچەیەکەدا کردووە کە تێیدا چەوساندنەوەی کەمایەتییەکان زۆرجار یاساییە و ئەنجامەکەیشی پێکدادانە. لەوەش زیاتر، دەبێت ئەمریکا نوێنەرایەتی مافی چارەی خۆنووسین بۆ هاوبەشە بەهێزەکانمان بکات". 

رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران لەبارەی کوردەوە نوسیویەتی "کوردەکان یەکێکن لە گەورەترین گرووپە ئیتنییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەوڵەتیان نییە و ماوەیەکی زۆریشە شەڕیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە. سەرەڕای ئەوەش، کوردەکان بەردەوام مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە و پێیان دەگوترێت تاوەکو سبەی چاوەڕێ بکەن، هەرلەبەر ئەوەشە کە قەرزێکە نەدراوە و دەبێت جیهان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پاڵپشتی لە پرۆسەیەکی سیاسیی بکات بۆ وەڵامدانەوەی ویستی کوردەکان".
 
لە کۆتای راگەیێندراوەکەدا رێبەری دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران رایدەگەیێنێت "ئومێدەوارم لە چەند مانگی داهاتوودا، هەموو عێراقییەکان بکەونە دیالۆگ و بەرێگایەکی ئاشتی بڕیار لەسەر باشترین رێگا بدەن بۆ جێبەجێکردنی ویستی شەرعیانە و شایستەی کوردەکانی عێراق. هاوئاهەنگی بەردەوامی ئەمنی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کورد و عێراق - بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بۆ هەر قۆناخێکی گواستنەوە گرنگە. وڵاتانی دراوسێی عێراق بە سەرۆکایەتی ستەمکارەکان هەموویان دژی هەر دەوڵەتێکی کوردین، چونکە ئەو دەوڵەتە هەڕەشە لە پێگە و بەرژەوەندییەکانیان دەکات، دەبێت ئەوان رێز لە کوردەکان - عێراقییەکانیش بگرن بۆئەوەی بڕیار لە سەر داهاتووی خۆیان بدەن".

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە