رووداو-هەولێر
ئیتالیایەکی جیاواز، کەسایەتی بەهێز و تۆقێنەر، دوای تۆمارکردنی نۆ گۆڵ، بەفەرمی کۆتایی بە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای ٢٠٢٠ هێنا.
ئیتالیا لە یاریگەی رێنزۆ باربێرا میوانداری هەڵبژاردەی ئەرمینیای کرد، ئەمە جیا لەوەی تیپەکەی مانچینی بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا سەرجەم یارییەکانی پاڵاوتنیان بردەوە، بۆ یەکەمجاریش لە مێژوودا ١١ یاری لەسەریەک بردەوە، لەم یارییەدا توانیان گەورەترین سەرکەوتن لە مێژووی یارییە فەرمییەکانیاندا تۆماربکەن.
ئیتالیا یارییەکەی بە ئەنجامی نۆ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئەرمینیا بردەوە، لە مێژوودا ئازووری تەنیا دوو جار توانیویانە نۆ گۆڵ لە یارییەکدا بکەن، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٢٠ بوو کاتێک ٩-٤ لە فەرەنسای بردەوە لە یارییەکی دۆستانەدا، جاری دووەمیش کە گەورەترین سەرکەوتنە لە مێژووی ئیتالیا بەڵام لە یارییەکانی ئۆڵیمپیاد بوو لە ساڵی ١٩٤٨ کاتێک ٩-٠ لە ئەمریکایان بردەوە، کەواتە ئەم بردنەوەیەی ئیتالیا بەرامبەر بە ئەرمینیا گەورەترین سەرکەوتنی ئیتالیا لە یارییەکی فەرمیدا و گەورەترین سەرکەوتنیشە بە گشتی لە ماوەی ٧٧ ساڵی رابردوودا.
گۆڵەکانی ئیتالیا لەلایەن چیرۆ ئیمۆبێلی دوو گۆڵ، نیکۆلۆ زانیۆلۆ دوو گۆڵ، نیکۆلۆ بارێلا، ئالیسیۆ رۆمانیۆلی، ریکاردۆ ئۆرسۆلۆنی، جۆرجینیۆ و فێدێریکۆ کیێزاوە تۆمارکران، تاکە گۆڵەکەی ئەرمینیاش لەلایەن ئێدگار بابیانەوە تۆمارکرا.
ئیتالیا بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بە کۆکردنەوەی ٣٠ خاڵ گەیشتە یۆرۆی ٢٠٢٠، لەو کۆمەڵەیەشدا فینلەندا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و بەفەرمی سەرکەوتن بۆ کۆتاییەکان.



