گەزمی کەمال؛ گێڕانەوەی مێژوو بەتامی ئەدەبیات
ئەم كتێبە لەڕووی پۆلێنبەندیی ژانرەوە توێژینەوەیەکە لەبارەی دۆزی کورد لە باکووری کوردستان، تێمای سەرەكیی تێیدا کەلامی دەنگبێژانی كوردە لە ناوچەی (سەرحەد) لەوانە (رەسۆ و شاکرۆ و حوسەینۆ) كە دواتر كتێبەكە بە تونێلی تاریکیی فاشیزمی تورکاندا گوزەر دەکات و تیشك دەخاتە سەر گۆڕانكاری و مێژووی شەڕ و داگیركارییەكان لەم ناوچەیەدا. بەكۆی گشتیی كتێبەكە (251) لاپەڕەی نیو ئەی فۆڕە و لە پێشەكییەكی نووسەر و (14) وتاری زنجیرەیی كە هەموویان تەواوكەری یەكدین و فەرهەنگۆكێك پێكهاتووە، بەرهەمی ساڵی 2025 ناوەندی رۆشنبیریی مەموزین لە شاری هەولێر.