نوێکردنەوەی رێککەوتننامەی ئۆپێک نرخی نەوتی بەرزکردەوە

01-12-2017
محەممەد شوشی
نیشانەکردن نەوت ئۆپێک
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕ رێککەوتن و رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتیان بۆ کۆتایی ساڵی 2018 درێژکردەوە، نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1% بەرزبووەوە و ئێستا یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕە جیهیانییەکان بە 63 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکیش بە رێژەی 0.89% بەرزبووەوە و یەک بەرمیل نەوت بە 57 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت پێشبینیکراو بوو، بۆیە بازاڕەکان پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە بە گەشبینییەوە لەسەر مامەڵەکانیان بەردەوامبوون.

رۆژی پێنجشەممە 30-11-2017  لە ڤیەننا، وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەکاری نەوتی ئەندام لە ئۆپێک لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی پێشوویان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2018 بەردەوامدەبێت. 

بەگوێرەی لێکدانەوەکانی شاندەکانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک، هاوسەنگیی بازاڕی نەوت تاوەکو ئێستا بەدینەهاتووە، بۆیە پێویستە ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامبن.

بۆ ئەوەی ئۆپێک بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر کار لەسەر نرخی نەوت بکات و بازاڕەکانی پەیوەست بە نەوت رێکبخات، پێویستی بە هاوکاری و هاوبەشی چەند وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی رێکخراوەکەیە؛ لەنێو ئەو وڵاتانەشدا رووسیا کە گەورەترین بەرهەمهێنی دەرەوەی ئۆپێکە، رۆڵی بەرچاوی دەبێت.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە