وەزیرى نەوتى عێراق: لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵ چووینە هاوبەشەییەکى بەرهەمدارەوە

10-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن نەوت نەوت و گاز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى نەوتى عێراق وردەکاریی گرێبەستى وەزارەتەکەى لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسى راگەیاند و دەڵێت، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە چوونەتە هاوبەشییەکى بەرهەمدارەوە. 
 
10ى تەمموزى 2023، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق لە رێوڕەسمی واژۆکردنى گرێبەستى وەزارەتەکەى لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی لە بەغدا، رایگەیاند، "گرێبەستەکە چوار پڕۆژەى سەرەکى لەخۆدەگرێت، کە لە باشوورى عێراق لە هەردوو کەرتى نەوت و گاز جێبەجێ دەکرێن".
 
وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوە دا، یەکێک لە پڕۆژەکان چارەسەرکردنى گازى هاوەڵە بە قەبارەى 600 ملیۆن پێ سێجاى رۆژانە، کە بەسەر دوو قۆناخدا دابەش دەبێت و هەر قۆناخێکی 300 ملیۆن پێ سێجایە، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە سووتاندنى گاز و بەکارهێنانى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا و پیشەسازییەکانى دیکە.
 
گرێبەستەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی بەهاکەى دەگاتە نزیکەى 10 ملیار دۆلار.
 
حەیان عەبدولغەنى ئاماژەى بەوە دا، یەکێک لە پڕۆژەکانى دیکە پەرەپێدانى کێڵگەى نەوتى ئەرتاوییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا؛ پڕۆژەیەکى دیکەى بریتییە لە بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا لە رێگەى تیشکى خۆرەوە کە دوای تەواوبوونی یەک گێگاوات بەرهەمی دەبێت و، ئەو پڕۆژەیەى بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە ناوچەکە ناوبرد.
 
لە 26ـی کانوونى دووەمى 2021 پەیماننامەى لێکتێگەیشتن و لە 28ـی ئادارى هەمان ساڵدا رێککەوتنى بەرایی لەنێوان هەردوو وەزارەتى نەوتى عێراق و، کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسی واژۆ کرا بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژانە.
 
حەیان عەبدولغەنى گوتى، "واژۆکردنی ئەم گرێبەستە کارى زۆرى پێویست بوو لەنێوان تیمى وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى تۆتاڵ بۆ گەیشتن بە داڕشتەیەک کە جێگەى رەزامەندیی هەردوولا بێت، لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵ و هاوبەشەکانى دەچینە هاوکارییەکى جیدى و بەرهەمدار بۆ جێبەجێکردنى گرێبەستەکان". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە