رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ئەگەری کڕینەوەی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کۆگەی ستراتیژیی ئەو وڵاتە، بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 83 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتێکدا روویدا بەهۆی دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە لەسەر ئاگربەستی نێوانیان، نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا دابەزیبوو.
هیرۆیۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) رایگەیاند: "نرخی نەوت بەو هۆیەوە بەرزبووەتەوە کە گریمانە دەکرێت ئەگەر هاتوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس بێتە خوار 79 دۆلار، وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەست بە کڕینەوەی نەوت دەکات بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژی خۆی."
حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2022 دا قەبارەیەکی زۆر لە یەدەکی ستراتیژی نەوتی بەکارهێنا، ئەو کاتانەی کە نرخی نەوت نزیکبوو لە 100 دۆلار. راشیگەیاندبوو هەر کاتێک نرخی نەوت دابەزێت، دەست بە پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژی دەکەنەوە.
کیکوکاوا دەڵێت، تەنانەت ئەگەر ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە بە شێوازی کاتی بێتە ئاراوە، لە ئەمریکا بەهۆی کڕینەوەی نەوت بۆ پڕکردنەوەی کۆگای ستراتیژی خواست بۆ نەوت لە بازاڕدا زیاد دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە لە میسر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەردەوامە، بەڵام بنیامین نەتانیاهوو بەڵێنی داوە هێرشبکاتە سەر رەفەح، ئەو شوێنەی کە نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارەی غەززەی تێدا نیشتەجێبووە.
گەڕانەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ