رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، رێکارێکی ئاسایی بووە و هەناردەکردنەوە دەستی پێکردووەتەوە.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەمڕۆ هەینیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راوەستانی هەناردەی نەوت رێکارێکی ئاسایی و تەکنیکییە و بۆ ماوەی چەند کاژێرێک راگیرا، لەبەرئەوەی کۆگەکانی نەوت لە بەندەری جەیهان پڕ ببوون."
عامر خەلیل گوتی، "دوێنێ یەکەمین کەشتیی نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و لە دوو رۆژی داهاتووشدا دووەمین کەشتیی نەوت لە جەیهان دەفرۆشرێت."
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە. دوای ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023 راگیرابوو.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کۆگەکانی نەوت بەتاڵکراون و هەناردەی نەوت جارێکی دیکە دەستیپێکردووەتەوە.
لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهان، عامر خەلیل گوتی، "بارە نەوتەکەی کەشتی یەکەم و دووەمیش بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا دەبێت." گوتیشی: "کەشتییەکەی دوێنێ 650 هەزار بەرمیلی هەڵگرتبوو."
رۆژی 25ی مانگی ئەیلوول، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ