كوردستان نەوتی بای حەسەن و ئاڤانا دەفرۆشێ

03-11-2014
ئەلێكساندەر ویتكامب
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەپێی قسەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرەپێدانی بۆڕییەكانی گواستنەوەی نەوت، بەشێوەیەكی بەرچاو رێژەی هەناردەی نەوتی كوردستان لە كۆتایی ئەمساڵدا زیاد دەكات.

رۆژی سێشەممەی رابردوو كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند كە هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا زیاد دەكرێت بۆ نزیكەی 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. كوردستان ئێستا بڕی 290 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات. هەروەها رایانگەیاند لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوودا بڕیارە ئەو رێژەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكرێتەوە. 

دوای ئەوەی كاری تەكنیكی بۆرییەكان لە كوردستان و توركیا تەواو دەبێت، توانای هەناردەی هەرێمی كوردستان بۆ 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزدەبێتەوە، ئەمە بە گوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە كە  تاوەكو كۆتایی ساڵی 2015 ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان بگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

كۆمپانیای DNOی نەرویجی، ئێستا كار لەسەر بۆرییەكی 24 ئینجی دەكات لە كێڵگەی تاوكێ‌ لە نزیك زاخۆ. تەواوبوونی ئەو بۆرییە وا دەكات ئەو كۆمپانیایە بتوانێت رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت لەمساڵدا. هەروەها كۆمپانیای توركی-ئینگلیزی گەنەڵ ئینێرجی، بە هیوایە پێش 2015 بتوانێت بەرهەمهێنانی خۆی بۆ 80 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد بكات.

ئەو نەوتەی لە بیرە نەوتەكانی ئەو ناوچانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی كردوون  - بیرەكانی كێڵگەی ئاڤانا لە قەزای مەخموور، بیرەكانی كێڵگەی بای حەسەن لە كەركووك-  بەستراونەتەوە بە هێڵی بۆری كوردستان- توركیاوە. نەوتی بیرەكانی ئاڤانا وا زیاتر لە هەفتەیەكە بەرەو هەرێمی كورستان رەوانە دەكرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، بۆرییەكانی بەشی بای حەسەن بڕیارە بەمزووانە تاقی بكرێنەوە.

نەوتی ئەم كێڵگانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەكاردەهێنرێن بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆی كوردستان دابین بكات، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی هاتنی بەرهەمی ناوخۆی پاڵاوگەی بێجی راگرتووە.

لەدەستدانی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی عێراقی لە مانگی شەشدا بووە هۆی ئەوەی كە كارەبا و بەرهەمە نەوتییەكان، بەتایبەتی بەنزین كورت بهێنێ.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەروەها رایگەیاند كە هاتنی نەوتی ئاڤانا و بای حەسەن رێگە دەدات بەوەی نەوتی كێڵگەی خورمەڵەش هەناردە بكرێت. 

بەكارهێنانی نەوتی كەركووك دانوستاندنەكانی كێشەی نەوت و گاز ئاڵۆزتر دەكات. ئەو كێشانەی كە وای لە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیكی كرد، بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت.

سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەولێر و بەغدا، دواجار بەغدا رازی بوو بیرەكانی ئاڤانا ببەسترێنەوە بە كێڵگەی خورمەڵەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە هێرشی لەسەریەكی تیرۆریستان وای لە كۆمپانیای نەوتی باكوور كرد لە سەرەتای مانگی ئاداردا بۆرییەكانی كەركووك-جیهان دابخات. حكومەت بە پەلەبوو بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركووك. بۆ هەر رۆژێك، داهاتی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لەدەستدەچوو.

"زیادكردنی توانای هەناردە جێگەی دەستخۆشییە" نات كێرن، سەرۆكی كۆمپانیایەكی راوێژكاری پیشەسازیی نەوت، بەناوی فۆرین ریپۆرتس دەڵێت "ئەگەر بەغدا و هەولێر بگەنە رێككەوتن، ئەوا عێراق پێویستی بە دەرچەیەكی تازە دەبێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك. ئەگەر نا، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بەسەر ئەو ئاستەنگە یاساییانەدا زاڵ بێت كە بەغدا بۆی دروست دەكات، تاوەكو بتوانێت بازاڕێكی جێگیر بۆخۆی پەیدا بكات. ئیدارەی ئۆباما پێویستە لە كێشە یاساییەكاندا لایەنگری كەس نەكات. بەهەرحاڵ، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازی بۆ هەناردەی زۆر زیاتر دەكات، ئیتر ئەگەر خۆی هەناردەی بكات، یان لە رێگەی حكومەتی عێراقەوە بێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە