یەک ئۆنسە زێڕ بە 2300 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

04-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ قازانجەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینیی لەدەستدا، کاتێک کە وەزارەتی کاری ئەمریکا ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکای لە مانگی 4ی ئەم ساڵدا بڵاوکردەوە.
 
هەرچەندە تاوەکو پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە کاژێر 03:30ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2320 دۆلار، بەڵام ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2272 دۆلار.
 
لەگەڵ ئەوەشدا نرخی زێڕ توانی دووبارە بەرز ببێتەوە بۆ نزیکەی 2300 دۆلار.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کاری ئەمریکا، لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا 175 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساوە، کە زۆر کەمتر بووە لە 234 هەزار هەلی کار، کە پێشبینی کرابوو.
 
لە مانگی ئازاریشدا 315 هەزار هەلی کار رەخسابوون، بەڵام ژمارەی هەلی کاری نوێ لە مانگی چوار پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. رێژەی بێکاری لە ئەمریکا لە 3.8%وە بەرزبووەتەوە بۆ 3.9%.
 
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەلی کار بوونەتەوە هۆکار بۆئەوەی بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بکەن لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵدا.
 
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە شێوازی نەریتی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەڵام دابەزینی رۆژی هەینی بەپێی شرۆڤەکاران لەبەر ئەوە روویداوە کە خواست بۆ کڕینی زێڕ لەبەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای بازاڕەکانی بۆرسە دابەزیوە.
 
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەهۆی ئامارەکانی بازاڕی کار، رۆژی هەینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکای بە رادیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. پێنوێنی داوجۆنز رۆژی هەینی 400 خاڵ بەرزبووەوە و پێنوێنی ناسداکیش بە رێژەی 2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بووە هۆکار بۆئەوەی خواست لە بازاڕی زێڕ کەم ببێتەوە و بازرگانان روو لە کڕینی پشکی کۆمپانیاکان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق

سوودانی بڕیارێکی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دا

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، کە یەکێکیان تایبەت بوو بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و یەکخستنی خشتەی مووچە.