جموجۆڵ و بازرگانی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل ئاساییە

04-11-2017
رووداو @Rudawkurdish
 شۆفێرێکی باکووری کوردستان: بارهەڵگرەکان دێن و دەچن و بازرگانیش بەردەوامە
شۆفێرێکی باکووری کوردستان: بارهەڵگرەکان دێن و دەچن و بازرگانیش بەردەوامە
نیشانەکردن ئیبراهیم خەلیل
A+ A-

 رووداو - هەولێر

جموجۆڵی ئۆتۆمبێلەکان لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی نێوان باشوور و باکووری کوردستان ئاساییە. ئەم خاڵە سنووریە رێگایەکی قەرەباڵخی بازرگانییە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بژێوی ژمارەیەکی زۆر کەس لە هەردوو دیوی سنوور هەیە. 

لەدوای گشتپرسییەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ئێران خاڵە سنوورییە فەرمییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا داخستن. باس لەوەش دەکرا، تورکیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەمان هەنگاو بنێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هاتووچۆ ئاساییە. 

محەممەد عەتا، شۆفێرێکی خەڵکی باکووری کوردستانە و دەڵێ "هیچ شتێکم نەبینی. هیچ کێشەیەک نەبوو. جموجوڵ ئاساییە و ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان دێن و دەچن. بازرگانیش بەردەوامە". 

لە دوای گشتپرسیەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی رابردوو، حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی تووندی دژی باشووری کوردستان گرتەبەر. یەکێک لە هەنگاوەکان، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بوو لە نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی دەرەوەدا. 

لە 16ی مانگی رابردوویشدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانی دیکە هێرشیان کردە سەر کەرکووک و دەوربەری، دوای ئەوەش لە چەند بەرەیەکی دیکەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. 

بەغدا داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران رادەستی حکومەتی ناوەندیی بکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو داوایەی بەغدا رازی نییە و تاوەکو ئێستاش لەوبارەوە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. 

ئەم گوشارانە سەرەتا نیگەرانیان لای هەندێک کەس دروستکرد، بەڵام بازرگانەکان دەڵێن، هەموو شت لە سنووری ئیبراهیم خەلیل ئاساییە. 

ئەحمەد سەبری، خاوەنکارە و لەبارەی جوڵەی بازرگانی لەو دەروازەوە دەڵێ "کاری بازرگانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و هەموو شتێک وەکو پێشتر ئاساییە. هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە". 

بەغدا ئومێدەوارە تورکیا هاوشێوەی ئێران ئەم خاڵە سنوورییە دابخات، تاوەکو گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات، بەڵام ئەنقەرە ئەو داوایەی جێبەجێ نەکردووە، بۆیە هەنگاوەکەی ئێرانیش کاریگەری لەسەر نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕی هەرێمی کوردستاندا دروست نەکردووە. 

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە