بازاڕی ئۆتۆمبێلی "دەستی دوو" لە هەرێمی کوردستان جمەی دێت

06-02-2018
سیامەند کەریم
ئۆتۆمبێلەکان لە ئەمەریکا و دواتر لە ئیماراتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن
ئۆتۆمبێلەکان لە ئەمەریکا و دواتر لە ئیماراتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانیان چاوەڕوانی کاروانی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو دەکەن، ئۆتۆمبێلەکان لە وڵاتی ئەمەریکا و دواتر لە ئیماراتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.


بەهۆی مۆدێل و کێشەی تەکنیکی و پێکدادان، ئەو ئۆتۆمبێلانە لە وڵاتی ئەمەریکا رێگەپێدراو نین کاریان پێبکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بازاڕیان گەرمە.

لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، زۆربەی جۆرەکانی ئۆتۆمبێل هەن کە بەشێکیان چەند پارچەیەکی بۆیاخ کراوە، یاخود کێشەی تەکنیکیان هەن، بەڵام نرخەکان بە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی کیلۆمەتر سفر، نزیکەی سێ تاوەکو نۆ هەزار دۆلار هەرزانترن.

  نرخەکانیان بەراورد بە ئۆتۆمبێلی نوێ 3 تاوەکو 9 هەزار دۆلار هەرزانترن

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی فرۆشتنیان مۆڵەتی دوو مانگی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە داناوە، تاوەکو پشکنینیان بۆ ئەنجامبدرێت و تابلۆیان بۆ دابندرێن، بەڵام بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە لەو پشکنینانە دەرناچن.

ساڵی 2016 زیاتر لە 222 هەزار ئۆتۆمبێل پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە، لە ساڵی 2017، نزیکەی 254 هەزار ئۆتۆمبێل پشکنینیان بۆ کراوە.

لە ساڵی 2016 بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، 30 هەزار و 700 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، ساڵی 2017ـش، 60 هەزار و 700ئۆتۆمبێل هاوردەکراون.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە