رووداو دیجیتاڵ
گەڕاندنەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ بۆ سەر ئێران، دووبارە بازاڕی دراوی ئەو وڵاتەی شڵەژاندەوە؛ نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی 85 هەزار تمەنی تێپەڕاند.
مەجید مەریەمی، مامۆستایە لە تارانی پایتەختی ئێران و دەڵێ، "هەرکاتێک ترەمپ بابەتی شەڕ و دژایەتی لەگەڵ ئێران دەهێنێتە گۆڕێ، نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە. بەڵام سەرم سوڕماوە لەوەی ئەو شتانەی نێوخۆ، بۆچی بەهۆی لێدوانەکانی ترەمپەوە نرخیان بەرزدەبێتەوە! هەرکاتێکیش ترەمپ قسەی بەرامبەر ئێران نەرم بێت، نرخی دۆلار دادەبەزێت."
مامۆستاکە پێیوایە لەبەر بەرژەوەندیی خەڵک "دەبێت هاوسەنگی بپارێزین. ئێمە دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان، پەیوەندییەکی دۆستانەمان هەبێت و نابێت ببینە دوژمنیان."
شەوی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی زیاترین گوشار لەسەر ئێران، کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی؛ ئەو وڵاتە داهاتی هەناردەکردنی رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت، لەدەستبدات.
بەپێی ماڵپەری نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەک دۆلار بە 85 هەزار و 750 تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەوپێیەش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار، لە ماوەی یەک رۆژدا نزیکەی 1000 تمەن دابەزیوە.
هاووڵاتیێکی دیکەی ئێرانیی دانیشتووی تاران بەناوی نووری باسی ئەوە دەکات کێشەی ئێران زیاتر ناوخۆییە نەوەک دەرەکی، دەڵێ "دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین. ئەوان هەرچەندە لەگەڵ ئێمە ناکۆک بن و لە دژی ئێمە بن، دەبێت خۆمان بەهێزتر بکەین. دەبێت لەسەر پێی خۆمان بووەستین و ئابوورییەکەی خۆمان چاکبکەین."
دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار لە ساڵی 2018ـەوە زۆر خێراتر بووە، ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران پاشگەز بووەوە.
لە ساڵی 2018ـدا یەک دۆلار بە نزیکەی 3 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاوەکو وەرزی بەهاری داهاتوو، بەرزببێتەوە بۆ 100 هەزار تمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ