رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز بۆ نزمترین ئاستی دوو مانگی رابردوو دابەزی. بەگوێرەی داتاکان، تەنیا یەک کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیوە، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی نەوت گەیشتووەتە 100 دۆلار و ئەمریکا بۆ 13ـەمین شەوی لەسەریەک هێرشی کردە سەر ئێران.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (Kpler) بۆ چاودێریی کەشتیوانی، رۆژی پێنجشەممە، 23-07-2026، تەنیا یەک کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاح بە ناوی (New Giant) لە تەنگەی هورمز تێپەڕیوە. ئەم کەشتییە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی عێراقی هەڵگرتووە و بەرەو بەندەری (ریژاو) لە چین بەڕێکەوتووە.
داتاکانی کیپلەر
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (Kpler) بۆ چاودێریی کەشتیوانی، لە سەرەتای جەنگدا، واتە لە نێوان 1ـی ئادار بۆ 19ـی ئایار، هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ 11 کەشتی لە رۆژێکدا دابەزیبوو، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 130 کەشتی بەتەنگەکەدا تێدەپەڕین؛ هەروەها گواستنەوەی گازی سروشتیی شل (LNG) بە تەواوی وەستابوو.
داتاکانی کۆمپانیای (Kpler) دەریدەخەن لە مانگی حوزەیراندا و لە کاتی ئاگربەستدا رۆژانە بە تێکڕا 45 کەشتی بە تەنگەکەدا هاتوون و چوون. دوای هەڵوەشانەوەی ئاگربەستیش، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز 70٪ دابەزیوە و تێکڕای تێپەڕبوونی کەشتییەکان گەیشتووەتە تەنیا 13 کەشتی لە رۆژێکدا.
گۆڕینی رێڕۆی کەشتییەکان
لەکاتێکدا هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کەمی کردووە، لە تەنگەی بابولمەندەب کەمێک زیادی کردووە و گەیشتووەتە 32 کەشتی. بەڵام بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە، هەندێک لە کەشتیەکان رێڕۆیی خۆیان دەگۆڕن و رێگەی نۆکەندی سوێسی هەڵدەبژێرن. بازرگانان دەڵێن گۆڕینی رێڕۆی کەشتییەکان بۆ ئاسیا لە رێگەی سوێسەوە، ماوەی گەشتەکە سێ هێندە درێژتر دەکات.
هەوڵەکانی سعودیە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە
کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی دەستی کردووە بە پێشکێشکردنی بژارەی نوێ بۆ بارکردنی نەوت لە بەندەری (سیدی کریر)ی میسر لەسەر دەریای نێوەڕاست. ئەم هەنگاوە وەک رێگەچارەیەک دەبینرێت تاوەکو ناچار نەبن لە بەندەرەکانی دەریای سوورەوە نەوت بار بکەن کە ئێستا لە ژێر هەڕەشەی حوسییەکان و ئێراندان.
تەنگەی هورمز گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهانە و نزیکەی 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ.
هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەشتییەکان گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی وزە و نرخى دڵنیایی کەشتیوانیی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت دووبارە بگاتەوە 100 دۆلار.



