گەنەل ئێنێرجی: هەولێر دەتوانێت نەوتی هەناردەكراوی خۆی بفرۆشێت

06-03-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن گەنەل ئینرجی نەوتی کوردستان
A+ A-

رووداو-Business Week

كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی رایگەیاند ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت نەگەنە رێككەوتنیش، ئەوا هەولێر دەتوانێ ئەو نەوتەی هەناردەی دەكات بیفرۆشێ. جەختیشدەكاتەوە كە توركیا پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

گەنەل ئێنێرجی، گەورەترین كۆمپانیای نەوتی سەركار (operatore) لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بگەنە رێككەوتن لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا، دەتوانن بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر لەوەی پێشبینییان كردووە بەرزبكەنەوە.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا سەرقاڵی وتووێژن سەبارەت بە چۆنێتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە.

كۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی چاوەڕوان دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان لە رۆژانە 44 هەزار بەرمیلەوە بەرزبێتەوە بۆ رۆژانە 77 هەزار بەرمیل لەمساڵدا.

جولیان مێترێل، بەڕێوەبەری دارایی كۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی لە لێدوانێكی تەلەفۆنیدا بە ماڵپەری Business Week  راگەیاند، هەرێمی كوردستان دەتوانێت هێشتا نەوتی هەناردەكراوی خۆی بفرۆشێت تەنانەت ئەگەر نەیتوانی بگاتە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، "چونكە توركیا پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان".

تۆنی هایوارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، رایگەیاند كە كۆمپانیاكە چالاكییەكانی لە دوو ساڵی رابردووەوە لە هەرێمی كوردستان فراوانتر كردووە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوت.

لێدوانی بەرپرسانی كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو وەزیری وزەی توركیا دڵنیایی دایە بەغداو گوتی "زانیاریی تەواو لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدەینە بەغدا و ئەو نەوتەی كە لەمەودوا دەفرۆشرێت نەوتی عێراقە و نەوتی توركیا نییە". جەختیشیكردەوە دەبێت بەغدا لە رێژەی هەناردەكردنی ئەو نەوتە ئاگادار بێت.

تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا گوتی: "تا ئێستا 425 هەزار  بەرمیل نەوتی ھەرێمی كوردستان لەڕێی بۆرییەكانەوە گەیشتووەتە بەندەری جەیهان و بەهیچ شێوەیەكیش نەوتی هەرێمی كوردستان نەفرۆشراوە و نافرۆشێت بەبێ ئەوەی بەغدا لێ ئاگادار نەكرێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە