رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە ئەمڕۆوە 6ی نیسانی 2026 بڕی 90 هەزار بەرمیل رۆژانە لە بیرە نەوتەکانی عێراقەوە بهێندرێت بۆ وێستگەی K1 لە کەرکووک، بۆئەوەی بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕی نەوتی جیهان لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بگاتە 340 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.
توانای وێستگەى سەرەکیی نەوتی کەرکووک زیاد دەکرێ کە لێیەوە نەوت بە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێ و لەمەودوا 90 هەزار بەرمیلی دیکە لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشوورەوە بۆ ئەو وێستگەیە دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک رۆژانە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێ.
ئەو رێکارە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە لە 5ی نیسان لە وێستگەى کەی وەن تەواو کراوە و تاقیکراوەتەوە، کە بریتی بووە لە زیادکردنی پەمپی پاڵنانی نەوتەکە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دەستی کەوتووە، پێشتر بەهۆی کۆنی پەمپەکانی وێستگەى کەی وەن، توانای پاڵنانی نەوت لە ئاستی پێویست نەبووە و بڕیارە لەمەودوا لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوت بگوازرێتەوە بۆ وێستگەکە بۆ ئەوەی لەوێوە هەناردە بکرێت.
وێستگەى کەی وەن جگە لە پەمپى پاڵنانى نەوت کۆگەشی هەیە کە توانای گلدانەوەی نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، کە ئێستا نەوتی بەرهەمهێندراوی کێڵگەکانى بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووکی بۆ دەگوازرێتەوە و دواتر لەوێوە نەوتەکە بە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هەناردەکردن بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا رەوانە دەکرێ.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زیاتر بکرێ کە ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتە، واتە بڕیارە 90 هەزاری دیکەی بۆ زیاد بکرێت."
پەنابردنى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بۆ بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە راگیرا. لە 18ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، ئەو چاکسازییە وا دەکات توانای پاڵنانی کۆگای کەی وەن لە 45 هەزار بەرمیلەوە ببێتە 90 هەزار و ئەو نەوتەی بۆ کۆگاکە دەهێنرێ هەناردەی تورکیا دەکرێ.
توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی چوار کێڵگەکەی کەرکووک زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتە، نزیکەی 60 هەزار بەرمیلی دەنێردرێ بۆ پاڵاوگەی بێجی، 10 بۆ 15 هەزار بەرمیلیشی بە تەنکەر هەناردەی ئوردن دەکرێ.
سەرچاوەکەی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی، "لە دووشەممەوە کۆگای کەی وەن ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ئەو 90 هەزار بەرمیلە وەربگرێ، کە چاوەڕێ دەکرێت رۆژانە لە رێگەی 400 بۆ 450 تەنکەرەوە بۆی بگوازرێتەوە."
عێراق رۆژانە پێویستى بە هەناردەکردنى 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتە بۆ دەستەبەرکردنى خەرجییەکانى. ئێستا عێراق جگە لە رێگەی تورکیاوە بە تەنکەر نەوت لەرێگەى سووریاشەوە هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ