رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) داوا لە کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوت دەکات لە 24 کاژێردا خشتەی بارکردنی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە بەندەرەکانی باشوور بنێرن و پێی راگەیاندوون کە بەندەرەکانی بەسرە بەتەواوی کارا کراون.
کۆمپانیاکە لە 5ی نیسانی 2026 دوو نووسراوی جیای بۆ نەوتی خاو و نەوتی رەش ئاراستەی کۆمپانیاکانی کڕیاری ئەو دوو جۆرەی نەوت کردووە و کۆپی هەردوو نووسراوەکە دەست رووداو کەوتووە.
بەگوێرەی نووسراوەکان، کۆمپانیای سۆمۆ ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە تەنگەی هورمز بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق کراوەیە.
سۆمۆ دوو نووسراوی "خێرا"ی ناردووە بۆ کڕیارانی نەوتی خاو و نەوتی رەش و پشتڕاستی کردووەتەوە کە هەموو بەندەر و تەنگەکان بەتەواوی کاران و ئامادەن بۆ گواستنەوە.
ئەو هەنگاوە دوای رۆژێک بوو لە بڕیاری رێگەدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێپەڕینی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە.
سۆمۆ کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە لە 24 کاژێردا خشتەی بارکردنی ئەو نەوتەیان بۆ بنێرن کە پێشتر گرێبەستی کڕینیان لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە.
عاسیم جیهاد، پسپۆڕی بواری وزە و گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوایین بارکردنی نەوتی عێراق لە بەندەرەکانی بەسرە 3ی ئادار بوو کە پێنج کەشتی نەوتیان بارکردووە و لەدوای ئەوە بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوت، کەشتیی دیکە نەبووە کە نەوت باربکات."
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد و لەو کاتەوە ئێران گەرووی هورمزی بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا داخستووە.
بەگوتەی عاسیم جیهاد، ئەو نەوتەی لەمەودوا بار دەکرێ ئەوەیە کە پێش جەنگ فرۆشراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکە کەشتیی کۆمپانیاکان نەیانتوانیوە بگەنە بەندەرەکانی عێراق و نەوتەکەى باربکەن.
هەناردەی نەوتی عێراق لە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە کەمبووەتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل کە لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێ.
عاسم جیهاد پێشبینی دەکات هەندێک لە کۆمپانیاکان دوودڵ بن لە کڕینى نەوتی عێراق بۆ ئەم قۆناخە بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەکە، جگە لەوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیمەی کەشتییەکان لە کەنداو، نرخی نەوتی هەناردەکراویش بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ