رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە زیاتر بەرزبووەوە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێران بەوەی کە ئەگەر تەنگەی هومرز نەکاتەوە بە قورسی ژێرخانی ئەو وڵاتە لەنێودەبات پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 57 سەنت بەرزبووەوە و بە 110 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 26 سەنت بەرزبووەوە و بە 113 دۆلار و 67 سەنت دەستاودەست کرا.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەگەر ئێران تاوەکو ئەو دوامۆڵەتەکەی کە بۆی دانراوە، کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەولێر تەنگەی هومرز نەکاتەوە، ئاگری بەسەردا دەبارێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند ئەگەر ئێران رێکنەکەوێت، بەتەواوەتی لە نێو دەبردرێن.
ئێران پێشنیازێکی ئاگربەستی ئەمریکای کە لەلایەن پاکستانەوە پێگەیشتووە رەتکردووەتەوە و داوای کردووە شەڕ لە هەموو بەرەکان رابگرێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت ئێستا چاوی لە میلەکانی کاتژمێرە و بە توندی گرێدراوە بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر چۆنییەتی کۆتایی پێهێنان بە شەڕی ئێران."
رۆژی دووشەممە سوپای پاسدارن رێگەی بە تێپەڕێنی دوو کەشتی تایبەت بە گواستنەوەی گازی شلی قەتەری نەدا و داوای کردووە کەشتییەکان لە شوێنی خۆیان بوەستن.
سەرەرای ئەوەش داتاکانی چاودێری جووڵەی دەریایی ئاشکرای دەکەن کە ژمارەیەکی کەمی کەشتییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا بە تەنگەی هورمز تێپەڕیوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ