بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆران، بەغدا چاوەڕێى رادەستکردنى داهاتی نێوخۆیە

07-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناردنى پارەى مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان لەسەر رادەستکردنى داهاتى نانەوتى لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وەستاوە، کە بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا رادەست بکرێت. 
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ چاوەڕوانى رادەستکردنى داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەى پارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بنێرێت. 
 
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگى نیسان، بەندە بە رادەستکردنى داهاتى نێوخۆى هەرێمى کوردستانەوە و لەگەڵ رادەستکردنەکە دەنێردرێت."
 
رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کراوە لەبارەى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى، بۆ قۆناخى یەکەم 50%ـی داهاتى گومرگ و باج بە نەختینەیی دەخرێتە سەر هەژمارى تایبەتى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندیى عێراق.
 
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە  تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رادەستکردنى داهات و بەجێکردنى مووچە، بەربەستن لەبەردەم ناردنى مووچەى مانگى نیسان و، گوتى "بەگوێرەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى، دەبێت ئەو دوو هەنگاوە جێبەجێبکرێن بۆ ناردنى مووچە."   
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەو بەشەى داهاتى نانەوتى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بخرێتە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی فیدراڵى. 
 
لە 24ـی نیسانى 2024 ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا، پشکى حکومەتى فیدراڵى لە داهاتى نانەوتى، رادەستی بەغدا بکرێت.
 
رۆژی 9-04-2024 مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، هەرچەندە بڕیار بوو لەدوای 20ـی نیسان لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە