دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: گەیشتنی دۆلاری ئەمریکی و هەناردەی نەوتی عێراق بەردەوامە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، گەیشتنی دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ عێراق بەردەوامە و داخستنی ئاسمانیش نابێتە رێگر؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران، رێڕەوی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز کراوەیە.
 
سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "هاتنی دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ عێراق بەردەوامە. داخستنی ئاسمانی عێراق کاریگەری لەسەر گواستنەوەی دۆلار نابێت. بەشێکی سەرەکیی ئەو دۆلارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی دەوڵەت بەکاردێت."
 
بە گوتەی جەیاشی، دۆلارەکە لە رێگەی فڕۆکەی تایبەتەوە دەگاتە عێراق و تەنانەت لە هەندێک دۆخدا دەرمانیش بە فڕۆکەی تایبەت دەگوازرێتەوە.
 
لە 28ی شوباتی 2026ەوە ئاسمانی عێراق داخراوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
 
هەر لەو بارەیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگانە بە دوو کاروان دۆلار لە ئەمریکاوە دەگوازرێتەوە بۆ عێراق."
 
بەرپرسەکەی ئاسایشی نیشتمانی هەروەها گوتی، عێراق بە "هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرز" بە سەرپەرشتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، توانیویەتی بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمزەوە بدات و گوتیشی: "هەموو وردەکارییەکانی ئەو هاوئاهەنگییە و رێککەوتنانە بۆ رای گشتی راناگەیێندرێن."
 
سەبارەت بە دۆخی سنوورەکانیش، سەعید جەیاشی گوتی، سنوورەکان بەتەواوی پارێزراون و ئاماژەی بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کرد کە لە ئاداری 2023 واژۆکراوە.
 
بەپێی جەیاشی، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا زیاتر لە 70 بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکان نەماون، هێزەکان خۆیشیان لە کەمپی تایبەتدا نیشتەجێ کراون، چەکە قورس و مامناوەندەکانیشان لێ وەرگیراوەتەوە.
 
راوێژکارەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، پلانە ئەمنییەکان لە رێگەی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و تاران داڕێژراون و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی ناوەندیی ئێران.

بانکی ناوەندیی ئێران: بانکەکان بەشێوەیەکی سنووردار دەست بە کار دەکەنەوە

بانکی ناوەندیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئادارەوە، بانکەکان لە تاران و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەشێوەیەکی سنوردار دەست بە خزمەتگوزارییەکانیان دەکەنەوە.