رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی بەسرە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی پارێزگاکە تێکڕا ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
کازم عەبدولحەسەن کەریم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە بۆ کاروباری کێڵگە و مۆڵەتەکان، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "بەندەرە نەوتییەکان لە بەسرە، لەوانە ئوم قەسر و بەندەری نەوتی بەسرە، بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن. تێکڕای هەناردەکردن بەندە بە بەردەستبوونی کەشتییەکانەوە، لە کاتێکدا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە. ئەمە لەکاتێکدایە پێش پێشهاتە سەربازییەکانی کەنداو 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا."
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکە توانای بارکردنی باری کەشتییە نەوتییەکانی هەیە بەو بڕەی هەیە؛ هەروەها رایگەیاند کە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە جیاکردنەوەی کەشتییە عێراقی و چینییەکان بۆ تێپەڕبوون بە ئاوەکانی کەنداودا هاوکار دەبێت لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
کازم عەبدولحەسەن کەریم باسی لەوەشکرد، هێرشی پێرێی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ناوچەی (برجەسیە) لە باشووری رۆژئاوای بەسرە، شوێنی کۆمپانیاکانی مۆڵەتدراو و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکانی کردە ئامانج و بووە هۆی زیانی مادی لە کۆگاکانی یەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکان، بەڵام دامەزراوە نەوتییەکان و کێڵگەکانی بەرهەمهێنان راستەوخۆ تووشی هیچ زیانێک نەبوون.
ئەو بەرپرسە گوتی، گەڕانەوەی کەسانی شارەزای کۆمپانیا بیانییەکان وەک (ئینی ئیتاڵی، بی پی بەریتانی، کۆمپانیا لۆجستییەکانی کەی بی ئار، بیکەر هیوز و شڵەمبێرگەر) بۆ بارەگا کاتییەکانیان لە وڵاتانی کەنداو نەبووەتەهۆی راگرتنی کارەکانیان لە کێڵگەکانی زوبێر و رومێلە و کێڵگەکانی دیکە، چونکە بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ تیمە ناوخۆیی و بیانییەکان لە پەیوەندیدان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی کارپێکردن و بەرهەمهێنان.
شەوی هەینی 6ی ئاداری 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی رومێڵەی باکوور لە پارێزگای بەسرە، 50 کیلۆمەتر لە باشووری ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ