ئاراستەی نرخی نەوت روو لە دابەزینە

08-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرزبوونەوەی قەبارەی کۆگای نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی وەک گازوایل و بەنزین لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی رابردوو لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە بەهۆیەوە ئاشکرابوو، قەبارەی کۆگای نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە ئەمریکا زیادیکردووە، نەوت ئاراستەی بەرەو دابەزین بوو.
 
قەباری کۆگای نەوتی خاو لە ئەمریکا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا 509 هەزار بەرمیل بەرزبووەوەتەوە.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە بانکی (ING)ی هوڵەندی لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو، کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی نەوت داناوە."
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارانە، "بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هێمایەکە بۆ دابەزینی خواست لەو وڵاتە."
 
سەرەڕای داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا کە رۆژی سێشەممە بڵاوبوونەوە، کاژێر 5:30 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئامارە رەسمییەکانی کارگێری زانیاری وزەی ئەمریکا بڵاودەبنەوە کە بە هەمان شێواز کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت دادەنێن.
 
بیل وێتەربۆرن، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیست) لە بارەی بازاڕی نەوتەوە دەڵێت، "هێوربوونەوەی گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕدا".
 
وێتەربۆرن پێیوایە نەمانی ئەو مەترسییە جیۆسیاسییانە بوونەتە هۆکار بۆ ئاشکرابوونی کێشەکان لە بنەمای بازاڕی نەوت کە خواست و خستنەڕووە.
 
یەک ئۆنسە زێڕ بە 2350 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمرۆ چوارشەممە بەرزبووەوە بۆ 2320 دۆلار.
 
نرخی زێڕ رۆژی رابردوو لە 2330 دۆلارەوە دابەزیبوو بۆ 2309 دۆلار.
 
بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن وڵاتە ئاسیاییەکانەوە بەتایبەتی چین، بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژماردەکرێت.
 
بەپێی شارەزایان، ئاستی 2280 دۆلار، خاڵێکی بەرگری گەورە بۆ نرخی زێڕ هەژماردەکرێت و ئەگەر ئەو ئاستە نەشکێت نرخی زێڕ دەتوانێت تەنانەت بەرزتربێتەوە لە 2430 دۆلار.
 
لە ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ کەمتر لە 2280 دۆلار،  نرخی زێڕ تاوەکو 2225 دۆلاریش دەتوانێت دابەزێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

سامانە سرووشتییەکان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق: ئامادەین سەردانی بەغدا بکەین

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەداتەوە و دەڵێت، ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین.