رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و نرخی زێڕیش کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی هێنا و دابەزی بۆ کەمتر لە 2360 دۆلار.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو پێشبینییانەن کە دەکرێن لەسەر ئەوەی کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس درێژە دەدەن بە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی خستنەڕووی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 15 سەنت بەرزبووەوەو یەک بەرمیل بە 84 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت بەرزبووەو بە 80 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بەرێژەی 1٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.
بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس پێشتر بریاریاندابوو کە تاوەکو کۆتایی مانگی شەش رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل بەشێوازی خۆبەخشانە لە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە، لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەو هاوپەیمانییە چاوەڕوان دەکرێت کەمکردنەوەکان شۆڕ بکرێنەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
لەلایەکی دیکەوە، نزیکبوونەوە لە وەرزی پشووەکانی هاوین، خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد کردووە، ئەوەش پاڵنەرێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
دانییەل هاینێس، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە بانکی (ANZ)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ژمارەی گەشتکردن لە رۆژی پشووی بیرەوەری لە ئەمریکا زۆر بووە کە بە دەستپێکی وەرزی پشووی هاوینە هەژمار دەکرێت. ئەمە وایکردووە بە گشتی پێشبینی هاوینێکی قەرەباڵخ بکرێت لە وەرزی هاویندا".
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 2357 دۆلار
نرخی زێڕ ئەمڕۆ کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی هێنا و دابەزی بۆ کەمتر لە 2360 دۆلار.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئۆنسەیەک زێڕ بە 2357 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
هەرچەندە کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووندبوونەتەوە کە بەردەوام پاڵپشتی بووە بۆ نرخی زێڕ، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەمڕۆ بە زیانی زێڕ شکایەوە.
نیل کاشکاری، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی (مینیا بۆلیس) دوێنێ لە هەڤپەیڤێنێکدا رایگەیاند، "بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێت چاوەڕوان بکات تاوەکو پێشکەوتنی بەرچاو لە دابەزاندنی هەڵاوسان دێتە ئاراوە، بەر لەوەی بڕیار بدات سوودی بانکی کەمبکاتەوە".
لێدوانەکانی نیل کاشکاری بەس بوو بۆ ئەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە.
ئەمەش بە پێچەوانە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دانا.
زووانی مێهتا، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە پێیوایە، دابەزینی نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە سنووردار دەبێت لە بەر ئەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەک تەنیا نەوەستاوە، بەڵکو تووندتریش بووە.
لەلایەکی دیکەوە کەمبوونەوەی قەبارەی هاوردەکردنی زێڕ لە چین هەفتەی رابردوو دابەزیوە.
ئامارەکانی گومرکی چین رۆژی رابردوو بڵاوکرانەوە و ئاشکرایان کرد هاوردەکردنی زێڕ بەرێژەی 30٪ لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دابەزیوە.
بەپێی زوانی مێهتا ئەگەر کڕیاران جڵەوی بازاڕ بە دەستەوە بگرن تاوەکو 2372 دۆلار بەرزی دەکەنەوە، بەو پێیەی ئەوە نزیکترین ئاستە کە دەتوانن بە دەستی بهێنن. بەپێچەوانە نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 2323 دۆلار دابەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ