تۆیۆتا ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە

08-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆیۆتا لە ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار زیاتر لە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە. تەنیا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵیشدا نزیکەی 32 ملیار دۆلاری قازانج کردووە.
 
تۆیۆتا، گەورە کۆمپانیای ژاپۆنیی بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل رایگەیاند، بەو قازانجەی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ کردوویەتی، کۆی داهاتەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 290 ملیار و 280 ملیۆن دۆلار، کە یەکەمجارە لە مێژوودا داهاتی کۆمپانیاکە بگاتە ئەو ئاستە.
 
دابەزینی نرخی دراوی یەنی ژاپۆنی بەرامبەر دۆلار و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هایبەرد [ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن و لەهەمان کاتدا کارەبایین]، هۆکاری زیادبوونی فرۆش و قازانجی تۆیۆتان.
 
تۆیۆتا دەڵێت، لە ساڵی دارایی 2023-2024ـدا، 11 ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێلی لە سەرجەم جۆرەکان فرۆشتووە. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لە ساڵێکدا بفرۆشرێن. بەراورد بە ساڵی پێشووتریش 5٪ زیادبووە.
 
سێ ملیۆن و 700 هەزار ئۆتۆمبێلی فرۆشراوی تۆیۆتا ئەو ئۆتۆمبێلانە بوون کە هایبەردن. فرۆشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی تۆیۆتا 31٪ زیادبووە.
 
یۆیچی میازاکی، بەڕێوەبەری دارایی تۆیۆتا دەڵێت، "لە ژێر درووشمی 'کاربۆن دوژمنە' تۆیۆتا هەرچی لەتوانایدا بووە کردوویەتی تاوەکو رێژەی دەردانی کاربۆن کەمبکاتەوە." 
 
بەڵام کۆمپانیاکە لەبارەی ئەمساڵەوە گەشبین نییە و دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە کۆی ئەمساڵدا، پوختەی قازانجەکەیان 23 ملیار دۆلار بێت. بەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 27.8٪ کەمدەبێتەوە. بە بەهای 30 ملیار دۆلاریش ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت.
 
میازاکی دەڵێت "دەبێت قبووڵی بکەین؛ لە هەندێک ناوچە زۆر لەدوای چینەوەین، بەڵام وەکو کۆمپانیایەک کە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا دەجەنگین، دەزانین؛ ناکرێت لێبگەڕێین ئەو پێشکەوتنەوەیە [ـی کۆمپانیا چینییەکان] زیاتر فراوان بێت. بیر لەوە دەکەینەوە چۆن سەرکەوین و یارییەکە بگۆڕین."
 
تۆیۆتا لەبارەی ئۆتۆمبێلی کارەباییشەوە دەڵێت، ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2026، فرۆشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بگەیێننە ملیۆنێک و 500 هەزار ئۆتۆمبێلی ساڵانە. تاوەکو 2030ـش بیگەیێننە سێ ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل. لەم رووەوە ژاپۆن زۆر لەدوای چینەوەیە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە