ترس لە بڕیارەکانی ترەمپ نرخی نەوتی دابەزاند

08-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی سێشەممەدا لە بازاڕەکانی ئاسیادا دابەزی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران نیگەرانن لە کاریگەریی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانیدا. هاوکات، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن گرووپی ئۆپێک پڵەسەوە گوشاری زیاتری لەسەر نرخەکان دروستکردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 69.11 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساسیش بە هەمان رێژە دابەزی و بە 67.46 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە نرخی زیاتر لە 1% بەرزببووەوە چونکە بازرگانان دۆخی گشتیی بازاڕیان هەڵدەسەنگاند کە تێیدا خواست هێشتا بەهێز دیاربوو.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە جەنگە بازرگانییەکەی فراوانتر کرد و 14 وڵاتی ئاگادارکردەوە کە لە 1ـی ئابەوە پێناسی گومرگیی زیاتریان بەسەردا دەسەپێندرێت. لیستەکە گەورەترین هاوردەکارانی ئەمریکا وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور، لەگەڵ هەناردەکاری بچووکتر وەک سڕبیا، تایلەند و تونسی لەخۆگرتبوو.
 
سەپاندنی پێناسی گەورە بەسەر 14 وڵاتدا، کە هاوردەکاری گەورەی وزەن، ئەگەری هەیە جووڵەی بازرگانی پەکبخات و زیان بە بەرهەمهێنانی پیشەسازی بگەیەنێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر خواست بۆ نەوت دادەنێت.
 
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی، کە بە گرووپی ئۆپێک پڵەس ناسراوە، رۆژی شەممە رایانگەیاند، لە مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 548 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکەن.
 
ئەم بڕە زیادکراوە لەو 411 هەزار بەرمیلە زیاترە کە بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز جێبەجێکرابوو. گرووپەکە هۆشداریشی داوە کە لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا لە 3ـی ئاب، رەنگە بیر لە زیادکردنێکی دیکە بە هەمان بڕ بۆ مانگی ئەیلوول بکەنەوە.
 
سەرەڕای ئەمەش، رۆژی دووشەممە نرخی نەوت دوای دابەزینێکی سەرەتایی، توانی خۆی بگرێتەوە، دوای ئەوەی سعودیە نرخی فرۆشتنی فەرمیی نەوتی سووکی عەرەبی بۆ کڕیارە ئاسیاییەکانی بۆ مانگی ئاب بەرزکردەوە. ئەم بەرزکردنەوەی نرخە بۆ بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو، وەک نیشانەی متمانەی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان بە خواست لەسەر نەوت لێکدرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە