باڵیۆزی عێراق لە تورکیا: هەناردەکردنەوەی نەوت قۆناخێکی گرنگ بوو

08-10-2025
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
 ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا
ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی عێراق لە تورکیا رایدەگەیێنێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "قۆناخێکی زۆر گرنگ بوو لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا."
 
ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانە لەنێوان تورکیا و عێراق لەنێوان 16 بۆ 26 ملیار دۆلارە و "هیوادارین بگەینە 30 ملیار دۆلار لە ساڵانی داهاتوودا."
 
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ئەو بە "گرنگ و چارەنووسساز" بۆ داهاتووی تورکیا ناوی برد و ئاماژەی بەوە کرد: "پاڵپشتی ئەو رێککەوتنە دەکەین بە هەر رێگەیەک کە پێویست بێت."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و باڵیۆزی عێراق لە تورکیا:
 
رووداو: چی دەڵێی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوو وڵات؟

ماجد لەجماوی: بەڕاستی هەناردەکردنەوەی نەوت قۆناخێکی زۆر گرنگ بوو لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا. هەناردەکردنەوە لە رێگەی بۆرییەوە پاڵپشتی پڕکردنەوەی کەمی سووتەمەنی لە کۆماری تورکیا دەکات. سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری نێوان هەردوو وڵات، ماوەی سێ ساڵە پەیوەندییەکە جێگیرە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لەنێوان 16 بۆ 26 ملیار دۆلارە، هیوادارین بیگەیێنینە 30 ملیار دۆلار لە ساڵانی داهاتوودا.
 
رووداو: سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان. پڕۆژەکە ئێستا لە چ قۆناخێکدایە؟
 
ماجد لەجماوی: لەڕاستیدا ئێمە ساڵانێکە دەستمان بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کردووە، بەنزیکەیی لە 2017ەوە. قۆناخی یەکەم لە بەندەری فاو بوو کە کۆتایی ساڵی رابردوو کارەکانی تەواوکرا. ئێستا بە بەردەوامی کار لەسەر دەکرێ، بەنزیکەیی حەوت رۆژ لە هەفتەیەکدا و 30 رۆژ لە مانگێکدا. ئێمە بڕیارمانداوە کارەکە تەواوبکەین و بە جیدی کارەکان بەڕێوەدەچن.
 
رووداو: تورکیا ئێستا لە قۆناخی ئاشتیدایە. لەبارەی کەمپی مەخموورەوە پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە؟

ماجد لەجماوی: بەدڵنیاییەوە. سەرەتا، ئێمە پیرۆزبایی لە گەلی تورکیا دەکەین بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگ و چارەنووسسازە دەکەین بۆ داهاتووی تورکیای نوێ. پاڵپشتی ئەو رێککەوتنە دەکەین بە هەر رێگەیەک کە پێویست بێت، ئێمە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەکەین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە