کۆمۆ تەندەری فرۆشتنی سەربەخۆی یەکەم نەوتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند

09-01-2014
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو-KRG

بە پێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای کۆمۆ، بڕیارە یەکەم بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە رێگای تەندەر بفرۆشرێت.

لە راگەیەندراوێکی رێکخراوی مارکێتینگی نەوتی کوردستان (کۆمۆ)، کە سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاتووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چاوەڕوان دەکات یەکەم دەستەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بڕی دوو ملیۆن بەرمیلە لە کۆتایی ئەم مانگە بفرۆشرێت.

بەپێی راگەیاندراوەکەی کۆمۆ، کە لە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی داهاتوودا بگاتە 4 ملیۆن بۆ 6 ملیۆن بەرمیل و هەروەها لە کۆتایی ئەمساڵ بەرزبێتەوە بۆ مانگانە 10 تاوەکو 12 ملیۆن بەرمیل.

کۆمۆ رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم مانگە برێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی تاوکێ لە رێگەی هێڵی نوێی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کراوەو بەم زووانە نەوتی تەقتەق و کێڵگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی ئەو هێڵەوە زیاد دەکرێن.

کڕیاران دەتوانن بەمەرجی هاوشێوەی سۆمۆ (رێکخراوی مارکێتینگی نەوتی عێراق) ئەو نەوتە لە بەندەری جەیهان باربکەن.

وردەکاری تەندەری فرۆشتنی یەکەم دەستەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رادەگەیەندرێت و بەپێی رکابەری و نرخی جیهانی نەوت دەبێت.

بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بە شەفافی داوا لە چاودێرانی سەربەخۆ و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت دەکرێت، ئامادەی تەندەرەکەو تەواوی پرۆسەی فرۆشتن بن.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەروەها داوا لە نوێنەرانی سۆمۆ دەکات کە وەک چاودێر ئامادەبن لە پرۆسەکەدا.

کۆمۆ رایگەیاندووە، لەم قۆناغەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تەنیا داوا لە کریارە نێودەوڵەتی و بەناوبانگەکان دەکات بەشداری لە تەندەرەکە بکەن.

هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بابەتی نەوت ناکۆکییان هەیەو وتووێژەکان لە نێوان هەردوو لایەن بۆ گەیشتن بە رێگە چارەیەک لەسەر پرسی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

رۆژی 13.12.2013، بۆ یەکەمجار نەوتی هەرێمی کوردستان، جودا لە عێراق، بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا، رەوانەی بەندەرەکانی تورکیا کرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە