نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 84 دۆلار

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 29 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو 1.4 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە بۆ 459.5 ملیۆن بەرمیل. ئەوەش هێمایەکە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی خاو.
 
کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان کە 1.1 ملیۆن بەرمیل بوو.
 
لەلایەکی دیکەوە، چاوەڕوانییەکان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە کۆتایی ئەمساڵ، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بەکاربهێنرێت، ئەوەش بووەتە پاڵپشتییەکی دیکە بۆ نرخی نەوت.
 
سەرەڕای ئەو هۆکارانەی کە پاڵپشتن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەردەوامیی دانوستاندنەکان و ئەگەری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە، مەترسییە جیۆسیاسییەکانی کەمکردووەتەوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت زیاتر بەرزنەبێتەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە