زیاتر لە 1.3 ملیار دینار بۆ شارەوانیی سلێمانی خەرج دەکرێت

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری شارەوانیی سلێمانی خەرج دەکرێت.
 
بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی یەک ملیار و 327 ملیۆن و 120 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە جیاوازەكانی شارەكە. 
 
ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە. وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، بەپێی رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات، ئەو پارەیە بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كارگەی قیری شارەوانی، گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و كۆڵانەكان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاری سلێمانی خەرج دەکرێت.
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لەبەر ئەوەی بڕیارەکە تازە دەرچووە، زۆر زانیارییان لەبارەیەوە نییە.
 
هەر ئەم هەفتەیە، بەپێی فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 465 ملیۆن و 795 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگاسازی. ئەو پارەیەش 100% داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە