خواست لەسەر دۆلار، بەهای دیناری دابەزاند

09-05-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بازرگانانی دراو دەڵێن، بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر دۆلار زیاد بووە، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕدا خواست لەسەر دۆلار زۆر بووە، بۆیە بەهای دینار دابەزیوە. 
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە کاژێر 12ـی نیوەڕۆ بەهاکەی گەیشتە 146 هەزار دینار. 
 
رەوەز میرزا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی رۆژانی پێنجشەممە ئەوانەی دۆلاریان فرۆشتووە، دۆلار دەکڕنەوە، بۆیە خواست لەسەر دۆلار زیاد دەبێت، ئەمەش بەهاکەی بەرزدەکاتەوە."
 
دوێنێ چوارشەممە، 8-5-2024، لە کاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەکراوە. لە کاتێکدا بەیانیی 100 دۆلار بە 145 هەزار و 500 دینار بوو.
 
حەیران حەسەن، بازرگانی ئاڵوگۆڕی دراو لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام نیوەڕۆ بەهای دینار کەمێک دابەزی و 100 دۆلار بە 145 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
حەسەن حەیران لەبارەی نرخی دراوەکانی دیکەوە گوتی: "یەک دۆلار بە 3300 لیرەیە، بەڵام داواکاریی لەسەر نییە، لیرەی سووریش کەس لێی ناپرسێت، تمەن لە دهۆک هەر مامەڵەی پێ ناکرێت."
 
لە هەولێریش بەهای دینار کەمێک دابەزیوە. لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 500 دینار بووە، بەڵام نیوەڕۆ بە 145 هەزار و 800 دینار بووە.
 
حاجی سابیر باواجی، کە ئاڵوگۆڕکاری دراوە لە بازاڕی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت: "دەڵێن پارەی حەواڵە بۆ بازرگانان کەمبووەتەوە، ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووە، ئەگەر وا بڕوات بەهای دۆلار بەرزتریش دەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی عێراق 275 ملیۆن و 539 هەزار و 423 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 262 ملیۆن و 59 هەزار و 423 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 13 ملیۆن و 480 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە، بەڵام ئەمڕۆ تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ بڕە دۆلارێکی نەخستووەتە بازاڕەوە.
 
لە کۆتاییەکانی ئاداری ئەمساڵەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
بەهای 100 دۆلار لە شارەکانی کوردستان
 
هەولێر
145,800 دینار
 
سلێمانی
146,000 دینار
 
دهۆک
145,700 دینار

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە