بەرهەمی پیاز بۆ سێ‌ هێندە زیاد دەبێت

09-07-2016
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن پیاز
A+ A-

رووداو- هەولێر

ساڵانێكی زۆر تەنیا پەتاتەی دەچاند، بەڵام ڤیدیۆیەكی یوتیوب نادری هان دا بۆ ئەوەی لە جیاتی پەتاتە، پیاز بچێنێ‌. ئێستا كە لە وەزارەتی كشتوكاڵ باسی پیاز بكرێ‌، كێڵگەكەی نادر عیزەت بە نموونە دەهێنرێتەوە.

نادر عیزەت رەمەزان، جووتیارێكی خەڵكی دهۆكە، ساڵانە دەیان دۆنم لە زەوییەكەی بە پیاز دەچێنێ‌. ئەمساڵیش 100 دۆنمی كردووە بە پیاز و پێشبینی دەكات 600 تۆن بەرهەمی هەبێ‌. ئەو دەڵێت "بەرهەمی چاندنی پیاز بە تۆو و ئاودانی بەسیستەمی پرژاندنی هاوچەرخ، هەرگیز بەراورد ناكرێت بە بەرهەمی چاندنی بەشێوەی كلاسیك".

ئەو ئەزموونەی نادر چیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 6 ساڵ لەمەوبەر كاتێك بەڕێكەوت گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر چاندنی پیاز لە یوتیوب دەبینێ. نادر عیزەت دەڵێت "ڤیدیۆكە زۆر سەرنجی راكێشام، بڕیارم دا بەهەمان شێواز وەك تاقیكردنەوە 10 دۆنم پیاز بەشێوەی تۆو بچێنم".

 نادر لەچاندنی 10 دۆنم پیازەكە سەركەوتوو دەبێت و ساڵ بە ساڵ رووبەری چاندنی پیاز بەم شێوازە زیاد دەكات و تۆوی جیاواز تاقیدەكاتەوە. ساڵی رابردوو لە چاندنی 50 دۆنم پیاز،  750 تۆن بەرهەمی دەستكەوت. نادر دەڵێت "لەگەڵ پەیڕەوكردنی ئەم شێوازە، ساڵ بەساڵ تۆوی جیاوازم لەكاتی جیاواز تاقیكردەوە و لەم رێیەشەوە توانیم لەدوو وەرزی جیاوازدا پیاز بچێنم و بڕی بەرهەمی دۆنمێكیش لە 6 تۆنەوە بۆ 16 تۆن زیاد بكەم و تێچووی بەرهەمهێنانیش بۆ نیوە كەم بكەمەوە".

پیاز بەهۆی ئەو بەها خۆراكی و سوودە تەندروستییەی هەیەتی، لە رووی بەكارهێنانەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لەدوای تەماتە، پەتاتە و خەیار، ریزبەندی چوارەمی گرتووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا خواست لەسەر بەكاربردنی پیاز بەردەوام روو لەزیادبوونە. بەجۆرێك لە 82 هەزار 277 تۆنەوە بۆ 121 هەزار و 930 تۆن زیاد بووە. لەو بڕەش تەنیا 40%ی بەرهەمی ناوخۆیە.

ساڵانی رابردوو هاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جووتیاران لە بەرهەمهێنانی پیاز بریتی بوو لە قەدەغەكردنی هێنانی پیاز لە دەرەوە و باج خستنە سەر پیازی هاوردەكراو لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەم. بەڵام بۆ  گەشەپێدانی ئەو بەرهەمە و چاندنی بەشێوەیەكی هاوچەرخ، لەساڵی 2014 دا وەزارەتی كشتوكاڵ چەندین پڕۆژەی نموونەیی بۆ 89 جووتیار جێبەجێ‌ كرد، تۆو و پەیین و ئامێری ئاودان و دەرمانی قڕكەری بەپاڵپشتی 75% بۆ دابین كردن.

پیاز بۆ گەشەكردنی پێویستی بە كەشوهەوایەكی نیمچە سارد و خاكێكی قوڕینی سووك و تێكەڵی لماوی هەیە.  پسپۆڕانی كشتوكاڵیش دەڵێن ئەم جۆرە خاك و كەشوهەوایە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەیە، ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ پلانێكی تۆكمەی بۆ گەشەپێدان و هاندانی جووتیاران بۆ چاندنی پیاز هەبێ، كوردستان پێویستی بە پیازی هاوردە نامێنێ.

حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "بەهۆی قەیرانی داراییەوە دوو ساڵە پڕۆژەكەی ئێمە وەستاوە، بەڵام چاندنی پیاز بەشێوەی هاوچەخ، قۆناغێكی باشی بڕیوە، چونكە چەند كۆمپانیایەكی خۆماڵی بەردەوام توێژینەوە لەسەر تۆوە جیاوازەكانی پیاز و چاندنی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دەكەن، هەروەها رێنمایی جووتیاران دەكەن بۆ چاندنی پیاز بەشێوەی هاوچەرخ. لەم رێگەیەوەشەوە توانیویانە بڕی بەرهەم زیاد بكەن، چاندنیش لە وەرزێكەوە بۆ دوو وەرز بگۆڕن".

حوسێن حەمەكەریم پێیوایە لەڕێگەی ئەم سیستەمە هاوچەرخەوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا پێویستیان بە پیازی هاوردە نامێنێ‌ "چونكە كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی زۆر زانستیانە هەوڵ بۆ گەشەپێدانی بەرهەمی پیاز دەدەن. بەشێك لە جووتیارانیش بۆیان دەركەوتووە ئەو داهاتەی لە چاندنی پیاز دەستیان دەكەوێ لەوانەیە لە بەرهەمی دیكە دەستیان نەكەوێت، بۆیە خواست لەسەر چاندنی پیاز زیاد بووە".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ لە چوار ساڵی رابردوودا جۆرێك لە هەڵكشان لە بەرهەمی پیاز بەدی دەكرێت. تێكڕای بەرهەمی ساڵانەی جووتیاران لە 42 هەزار تۆنەوە بۆ 54 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە. ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 100 هەزار تۆن پیازە، نزیكەی 40%ی لە نێوخۆدا بەرهەم دێت.
حوسێن حەمەكەریم دەڵێت "وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ تۆماری بەرهەمە خۆماڵییەكان پشت بە داتای گومرگەكان دەبەستێت، بەڵام بەشێك لە جووتیاران زۆربەی بەرهەمەكانیان راستەخۆ لەنێو كێڵگەكانیان دەفرۆشن، بۆیە بەرهەمی پیاز زۆر لەوە زیاترە كە لە ئاماری گومرگەكاندا تۆماركراوە".

كۆمپانیایArd  بۆ بازرگانیی كشتوكاڵی، یەكێكە لەو كۆمپانیا خۆماڵیانەی گرنگی تایبەت بەچاندن و بەرهەمهێنانی سەوزە بەگشتی و پیاز بەتایبەتی دەدات. كۆمپانیاكە خاوەنی كێڵگەیەكی توێژینەوەیە لە سنووری ناحیەی شەمامكی شاری هەولێر و ساڵانە بەسەتان جۆر تۆوی سەوزە لە وڵاتان هاوردە دەكات، دوای توێژینەوە لەسەریان لەڕێگەی بریكارەكانییەوە دەیفرۆشێتە جووتیاران.

ئەندازیار ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكانی كۆمپانیای Ard بە (رووداو)ی گوت "ساڵانە 200 تاوەكو 250 تۆوی جیاوازی سەوزە هاوردە دەكەین، دوای ئەنجامدانی توێژینەوە 10 بۆ 12 جۆریان هەڵدەبژێرین كە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان بگونجێ و بەرهەمیان باش بێ‌، ئینجا لە كێڵگەی جووتیاران تاقی دەكەینەوە".

ئاری جەلال لەبارەی چاندنی پیازەوە دەڵێت "پێشتر جووتیاران بەشێوەی كلاسیك پیازیان دەچاند و تێچووی زۆر و بەرهەمی كەمیان دەستدەكەوت، ئێمە لەڕێگەی ئەندازیارەكانمانەوە بە شێوازی هاوچەرخ ئاشنامان كردن، بۆ ئەم مەبەستە لەساڵی 2013 نزیكەی 50 دۆنممان بەبێ بەرامبەر بۆ هەندێ جووتیار لە هەولێر و دهۆك چاند، ساڵی 2014 بەهەمان شێوە هاوكاریی چاندنی 350 دۆنم پیازمان كرد". گوتیشی "ساڵی رابردوو خواست لەسەر چاندنی پیاز بەو شێوازەی ئێمە زیاد بوو، هاوكاری چاندنی 1100 دۆنممان كرد، ئەمساڵیش هاوكاریی چاندنی 1600 دۆنم پیازمان بۆ جووتیاران كردووە، هاوكارییەكەش بەكارهێنانی ئامێرەكانمان و سەرپەرشتی چاندن بووە، جووتیار خۆی تۆو و پەیینی كڕیوە".

ئەو ئەندازیارە ئاماژە بە ئەنجامی پرۆژەكانیان دەكات و دەڵێت "لەڕێگەی هێنانی تۆوی تازە، توانیومانە وەرزی چاندنی پیاز لە وەرزێكەوە بۆ دوو وەرز بگۆڕین، بڕی بەرهەمیش بۆ سێ‌ بەرامبەر زیاد بكەین، توانای هەڵگرتنیش بۆ 6 مانگ بەرز بكەینەوە. هەروەها تێچووی كیلۆیەك پیازمان لە 300 دینارەوە بۆ كەمتر لە 100 دینار كەم كردەوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە