پیازی هاوردەکراو لە بازاڕەکان دەستدەکەوێت؛ جوتیارێک دەڵێ 'ئەمساڵمان هەمووی زەرەرە'

14-10-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
بەرهەمی پیاز لە هەرێمی کوردستان دووهێندە بووە؛ جووتیاران دەڵێن زەرەرە
بەرهەمی پیاز لە هەرێمی کوردستان دووهێندە بووە؛ جووتیاران دەڵێن زەرەرە
نیشانەکردن پیاز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەعد ئیسماعیل جووتیارێکی خەڵکی بەردەڕەشە، 100 دۆنم زەویی بە پیاز چاندووە و پێشبینی دەکات 1500 تۆن بەرهەمی پیازی هەبێت، بەڵام دڵی بە بەرهەمەکەی خۆش نییە و دەڵێ زەرەر دەکات.
 
جوتیارەکەی بەردەڕەش هەر کیلۆیەکی پیاز بە 235 بۆ 245 دینار دەفرۆشێت، بەڵام دەڵێ داهاتەکەی بەرامبەر ئەو پارەیە نییە کە لە پرۆسەی چاندنی پیازەکەی خەرجی کردووە، بەوهۆیەوە تووشی زیانی گەورە دەبێت.
 
رەعد، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "پار لەوکاتانەدا پیازی ئێرانی هاوردە نەدەکرا، هەر لەسەر ئەرزی خۆمانەوە کیلۆی پیازمان بە 410 بۆ 150 دینار دەفرۆشت و داهاتەکەی بۆ ئێمە باش بوو و تووشی زیان نەدەبووین، بەڵام ئەمساڵ هەمووی زەرەرە.''
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 2000 دۆنم زەوی بە پیاز چاندرابوو، بەرهەمیش زیاتر لە 40 هەزار تۆن بوو، بەڵام ئەمساڵ چاندن و بەرهەم بەڕێژەی 100٪ زیادبوون.
 
مانگێک دەبێت پیازی هاوردەکراو لە گومرگەکانی سلێمانی و هەولێرەوە دەستدەکەوێت و، هەتاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە دهۆک. پیاز، بەڕێگەی دەروازەکانی عێراق لەگەڵ ئێران هاوردەدەکرێن و رێژەی 25٪ـی بەرهەمی پیاز لە بازاڕ، پیازی هاوردەکراوە، ئەوەش بەهای پیازی خۆماڵیی دابەزاندووە.
 
عەتا محەممەد، جێگری سەندیکای گومرکی سلێمانی بە رووداوی گوت "ئێستا، سنوورەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراونەتەوە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر نرخی پیاز هەبیت، (دەروازەکان) بەڕووی ئێران و سووریا کراونەتەوە، هەندێک جار لە سنوورەکانی خۆمانەوە ئەو پیازانە دەهێنرێنە نێو هەرێمی کوردستان." 
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە 1ـی ئایار بۆ 15ـی تشرینی یەکەم هاوردەکردنی پیاز لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخە دەکات.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی هاوردەکردنی پیازەوە بە رووداوی گوت "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، ئەم ساڵ بەرهەمی پیاز زۆرە، بۆیە ئەگەر پێویست بکات، رەنگە لەدوای 15ـی 10ـەوە رەچاوی زۆری و ساخکردنەوەی لە بازاڕدا بکات.'' 
 
لە دووکانەکانی پارێزگەی دهۆک، تەنیا پیازی خۆماڵی هەیە و کیلۆی بە 500 دینار دەگاتە دەست کڕیاران، لە هەولێر و سلێمانیش هەردوو پیازی خۆماڵی و هاوردەکراویش دەست دەکەون، کیلۆیان لەنێوان 500 بۆ 600 دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.