رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئایزۆن دەڵێ، لە 18 تاوەکو 22ی ئەیلوول، 1700 ئایفۆن 18 لە هەرێمی کوردستان فرۆشراون کە بەهاکەیان دەگاتە 280 دەفتەر دۆلار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوول شاهۆ شەریف، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری (کۆمپانیای ئایزۆن) بە رووداوی گوت، "پێش گەیشتنی ئایفۆن 18 بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، 7538 کەس داواکاریی پێشوەختەیان پێشکێش کردووە بۆ کڕینی ئایفۆنە تازەکە و رۆژانە 500 کەس وەریدەگرن."
سەبارەت بە نرخی ئێستای ئایفۆن 18 لە بازاڕدا، شاهۆ شەریف روونیکردەوە، "ئەو کەسانەی پێشتر داواکارییان پێشکێش کردووە ئایفۆنەکانیان بە چواردە وەرەقە و 89 دۆلار وەردەگرن، ئەوانەشی رۆژانە بەبێ داواکاری ئایفۆن دەکڕن، نرخەکەی 18 وەرەقە و 89 دۆلارە."
هەولێر لە پلەی یەکەم و سلێمانی لە پلەی دووەمە
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئایزۆن، 60%ی داواکارییە پێشوەختەکان بۆ کڕینی ئایفۆن 18 لە هەولێر و دهۆکن، 40%ی داواکارییەکانیش لە شاری سلێمانیین و رۆژانە 500 دانەی لێ دەفرۆشرێت.
رۆژی 18 ئەم مانگە، ئایفۆن 18 و ئایفۆن 18ی پڕۆماکس و ئایفۆن دوۆ (چەماوە) گەیشتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
شاهۆ شەریف دەڵێ، لە ماوەی چوار رۆژدا 700 کەس لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ ئایفۆنەکانیان کڕیوە، کە نرخەکەی 18 وەرەقە و 89 دۆلارە، بەهاکەی دەگاتە 130 دەفتەر دۆلار، هاوکات دوێنی و ئەمڕۆش 1000 کەسی دیکە بە نرخی چواردە وەرەقە و 89 دۆلار ئایفۆنیان کڕیوە، کە بەهاکەی دەگاتە 145 دەفتەر دۆلار.
کرێی گواستنەوە و باج
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، کرێی گواستنەوەی یەک ئایفۆن 18 لە ئەمریکاوە بۆ دووبەی و لەوێوە بۆ هەرێمی کوردستان 25 دۆلارە، هاوکات لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان 25 دۆلار باج بۆ هەر ئایفۆنێک وەردەگیرێت.
بە گوتەی (کۆمپانیای ئایزۆن)، ئەم ساڵ زۆرترین داواکاری لەسەر ئایفۆن 18 پڕۆ ماکسی رەنگی مۆرە، دوای ئەویش زۆرترین خواست لەسەر ئایفۆنە چەماوەکەیە، کە هێشتا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و 25ی ئەم مانگە ئامادە دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)

