رووداو دیجیتاڵ
جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئنڤیدیا، رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی گوشار و وردبینیی کۆنگرێسی ئەمریکا بووەتەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک راپۆرتی هەواڵگری و میدیایی کە ئاماژە بە هەبوونی پەیوەندییەکی سۆزداری لە نێوان ناوبراو و ژنە سیخوڕێکی چینی دەکەن.
جێنسن هوانگ بە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی جیهان دادەنرێت؛ سەرکردایەتیی کۆمپانیایەک دەکات کە چیپ و بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکانی لە چەقی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد دان. هەر ئەگەرێک یان گومانێک لەسەر ئەوەی هوانگ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی چینەوە کرابێتە ئامانج یان کەوتبێتە ژێر کاریگەرییەوە، دەکرێت ببێتە دۆسیەیەکی گەورەی هاوبەشی نێوان هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە خولی نوێی کۆنگرێسدا.
کریس کونس، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی دێلاوێر، بەڵێنی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی لەسەر راپۆرتە میدیاییەکان و پەیوەندییەکانی هوانگ دا و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هەرچەند زیاتر لەبارەی ئەم پەیوەندییە شێتانەیەی نێوان ئیدارەی ترەمپ، سیخوڕانی چین و ملیاردێرەکانی ژیریی دەستکرد دەزانم، ئەوەندە زیاتر باوەڕم بەهێز دەبێت کە هیچ شتێک لەم ئیدارەیەدا نییە گەندەڵی نەبێت؛ کۆنگرێس لێکۆڵینەوە دەکات و وەڵامەکانی دەستدەکەوێت."
پەرەسەندنی دۆسیەکە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا
29ـی تشرینی یەکەم: رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە جێنسن هوانگ و ژنە بەڕێوەبەرێکی تەکنەلۆژیا بە ناوی ئەلیس هوانگ "پەیوەندییەکی نزیکیان" هەیە؛ هاوکات دەسەڵاتدارانی ئەمریکا نیگەرانن لە پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی ئەو ژنە لەگەڵ چین و زانیارییەکانیش گەیێندراونەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
31ـی تشرینی یەکەم: رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەنگافوورە و تایوان بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە کە وا دەکات بڕوا بەوە بهێنن ئەلیس هوانگ لەوانەیە سیخوڕی چین بێت.
5ـی تشرینی دووەم: ژمارەیەک لە سەرۆک لێژنەکانی سەر بە کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوایان لە جێنسن هوانگ کرد روونکردنەوە و کۆبوونەوەیەکی فەرمییان لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەلیس هوانگ و میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردنی زانیارییە هەستیارەکان لە نێو ئنڤیدیا پێشکەش بکات، بە مەبەستی دیاریکردنی "ئەو ئاستەی کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە."
6ـی تشرینی دووەم: هەردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و فاینانشیاڵ تایمز بڵاویانکردەوە کە ئەلیس هوانگ لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی چینەوە بە تایبەتی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر جێنسن هوانگەوە ئەرکدار کراوە. بەپێی راپۆرتەکان، ئامانجی ئەو ژنە ئەوە بووە هوانگ رازی بکات گوشار لەسەر بەرپرسانی ئەمریکا دروستبکات بۆ ئەوەی رێگە بە هەناردەکردنی چیپە پێشکەوتووەکان بۆ چین بدەن. هەروەها فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکەی نێوانیان سۆزداری بووە.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای ئنڤیدیا بە تووندی و چەندین جار ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندیی نێوان جێنسن هوانگ و ئەلیس هوانگ تەنیا پەیوەندییەکی ئاسایی کار بووە، و دووپاتیکردووەتەوە هیچ زانیارییەکی هەستیار لەگەڵ ناوبراو یان هیچ کەسێکی دیکەدا بەش نەکراوە. هاوکات حکومەتی چینیش بە فەرمی بەکارهێنانی ئەو ژنەی بۆ کاری سیخوڕیکردن بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نڤیدیاوە رەتکردووەتەوە.
ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ تەواوی ستراتیژیی داهاتووی ئەمریکای لەسەر بردنەوەی پێشبڕکێی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لە بەرامبەر بەیجینگ داناوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا چیپەکانی نڤیدیا کۆڵەکەی سەرەکین.
سەرەڕای کێشمەکێشی بەردەوام لەسەر فرۆشتنی چیپ بە چین و سەپاندنی سنووردارییەکان، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو چیپە پێشکەوتووانە بە رێگەی جۆراوجۆر گەیشتوونەتە دەست کۆمپانیا چینییەکان. سەرۆک لێژنەکانی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو 11ـی تشرینی دووەمیان وەک مۆڵەت دیاریکردووە بۆ ئەوەی جێنسن هوانگ وادەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵدا دەستنیشان بکات.


