هەزاران خانەنشین ئەمڕۆ دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی خانەنشین 14 مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و هەزارانی دیکە چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمڕۆ بەشێکیان دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 14 مانگە نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆ مووچەی مانگی ئادار کە ئەمڕۆ دابەش دەکرێت، ناوی بەشێکیان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی مووچە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشمەرگەی خانەنشین جگە لەوانەی 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ژمارەیەکی دیکەی زۆر هەن هەشت مانگ تاوەکو سێ مانگیشیان تێدایە کە مووچەیان وەرنەگرتووە."
 
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی سەربازی و مەدەنگی دابەش دەکرێت.
 
بەرپرسەکەی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی، "ئەو خانەنشینانەی چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ ناویان گەڕاوەتەوە دوو مووچە پێکەوە وەردەگرن."
 
لەبارەی مووچەکانی دیکەیانەوە خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێ، "پێشتر کە خانەنشین بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکەی چەند مووچەیەکی وەرنەدەگرت، کە ناوی بۆ لیستی مووچە زیاد دەکرا هەموو مووچەکانی پێکەوە وەردەگرت، ئێستا ئەوە نەماوە و تەنیا مووچەی دوو مانگیان پێکەوە بۆ هاتووە."
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، 5ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، "ئەم مانگە مامەڵەی هەموو ئەو خانەنشینانە تەواو کرا کە 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هیچ مامەڵەیەکیان لای ئێمە نەماوە."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە گوتی، "مانگانە کۆمەڵێك لەوانەی مامەڵەیان تەواو کراوە مووچەیان وەرگرتووە. ئێستاش لەو هەزار کەسەی تاوەکو ئەمڕۆ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەشێکیان مووچەیان بۆ بەستراوە و لە مووچەی مانگی سێ دا مووچە وەردەگرن و بەشەکەی دیکەش مانگی داهاتوو مووچەیان بۆ دەبەسترێت."
 
بە گوتەی فەتحوڵڵا عومەر، "بۆ مووچەی مانگی چوار هیچ خانەنشینێک نامێنێ مووچەکەی وەرنەگرتبێ."
 
دواکەوتنی مووچەی خانەنشین چەند هۆکارێکی هەیە. بەشێکیان پێشتر لە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون و گوێزراونەتەوە بۆ وەرزارەتی دارایی و رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بووە، بەشێکیشیان ساڵی 2024 خانەنیشن بوون و مامەڵەکانیان دواکەوتووە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 330 هەزار خانەنشین هەن، نزیکەی نیوەیان خانەنشینی شارستانی و ئەوانی دیکە خانەنشینی سەربازین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە