رووداو - هەولێر
بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت سەرەڕای خۆدزینەوەی بەشێکی زۆری خاوەنکاران لە بیمەکردنی کرێکارەکانیان، بەڵام ساڵ بە ساڵ ژمارەی کرێکارانی بیمەکراو لەزیادبووندایە. ئەو بەرپرسە ھەروەھا دەڵێت ئەگەر گرفتی کەمیی بودجە و ستافیان نەبێت، داھاتی سندوقەکە پێنج ئەوەندی ئێستا زیاد دەکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ٧٨ ھەزار و ٥٢٥ کرێکار لە ھەرێمی کوردستان لە٢٠٣٧١ پڕۆژەدا دەستەبەرکراون. لەم رێگەیەشەوە داھاتی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ٦٦ ملیار و ٧٣٦ ملیۆن و ٢٦٥ ھەزار دینار.
بەپێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە سەرجەم ئەو کرێکارانەی لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان کاردەکەن، دەستەبەربکرێن. ھەر کرێکارێکیش دەستەبەرکرابێت خزمەتگوزارییەکانی وەک (مووچەی خانەنشینی، پاداشتی کۆتایی خزمەت، قەرەبووکردنەوە بەھۆی برینداربوون، یان مردن لەکاتی کارکردن) دەیگرێتەوە.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵامەتی دەڵێت پێشتر زۆر گرنگی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی نەدەدرا و زۆر لە خاوەنکارەکانیش خۆیان دەدزییەوە، بەڵام بەھۆی ھاتنی کرێکاری بیانی و گەڕانەوەی ئەو کوردانەی لە تاراوگە بوون، کرێکاران و خاوەنکارانی خۆماڵی گرنگیی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەرکەوت، بۆیە ساڵ بەساڵ ژمارەی بەشداربووان لەزیادبووندایە. گوتیشی "ئەوەی زیاتر کۆمپانیاکانی پابەندی یاسای دەستەبەری کرد، بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو کە دەڵێت ھیچ پڕۆژەیەک ئەستۆپاکی پێنەدرێت تاوەکو کرێکارەکانی دەستەبەر نەکات".
بەپێی یاسا دەبێت ١٧%ی مووچەی کرێکار لە سندوقی دەستەبەری دابنرێ کە ١٢%ی دەکەوێتە ئەستۆی خاوەنکار و ٥%یش لە مووچەی کرێکار دەدرێت. بۆیە کرێکار و خاوەنکارەکان وەکو پێویست بەدەم دەستەبەرکردنەوە ناچن.
عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەھۆی خۆدزینەوە لە دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، لە ساڵی رابردوودا ١٩٩ پڕۆژە و ئەمساڵیش ٦٥ پڕۆژەیان داوەتە دادگا. ھەروەھا گوتی، بەھۆی دواخستنی بەخشینی پارەی دەستەبەری کرێکارەکان، ساڵی رابردوو خاوەنکارەکانمان بەبڕی ملیارێک و ٨٣٩ ملیۆن و ٤٧٨ ھەزار دینار سزاداوە.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست (رووداو) کەوتووە، تاوەکو ئێستا تەنیا ٦٥٢ کرێکار مووچەی خانەنشینییان بۆ بڕاوەتەوە کە ٢٤٢ کرێکاریان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خانەنشینییان دەدرێتێ.
عارف حیتۆ، کەمیی ژمارەی کرێکاری خانەنشین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەشێک لە کرێکاران پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی خانەنشینی دەبنە فەرمانبەر، بەشێکیشیان زوو داوای پاداشتی کۆتایی خزمەت دەکەن.
بەپێی داتای وەزارەتی کار، زۆرترین کرێکاری دەستەبەرکراو لە پارێزگای سلێمانییە و داھاتی ساڵانەشیان دەگاتە نزیکەی ٤٠ ملیار دینار.
غەفور خۆشناو، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای خۆشناو، بۆ بازرگانیی گشتی و ھاوردەکردنی کەلوپەلی نێوماڵ، دەستەبەرکردنی کرێکارانی بە کارێکی باش وەسفکرد و گوتی "دەستەبەرکردنی کرێکاران شتێکی باشە، بەڵام گرفتەکەمان لەوەدایە بەشێک لە کرێکاران بەھۆی خراپیی باری گوزەرانیان ئامادەنین ئەو ٥%ی لە ئەستۆیانە بیدەن، تاوەکو دەستەبەریان بکەین".
کاری پێناکرێت
لەزۆربەی وڵاتاندا کاتێک کرێکارێک لە کارەکەی دەردەکرێ، یان کاری نامێنێ تاوەکو ئەو کاتەی کارێکی دەستدەکەوێت، حکومەت بیمەی بێکاری دەداتێ، بەڵام لەکوردستان ھیچ یاسا و رێنماییەک بۆ پێدانی بیمەی بێکاری نییە، تەنانەت ئەگەر کرێکارەکە دەستەبەریش کرابێت.
عارف حیتۆ، دەڵێت "تاوەکو ئێستا ھیچ یاسا و رێنماییەکمان نییە، بۆ پێدانی بیمەی بێکاری بە کرێکاران، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران یان پەرلەمانی کوردستان یاسایەک یان رێنماییەک بۆ ئەم بابەتە دەربکەن".
ئامار و زانیاری لەبارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو
- کرێکارانی دەستەبەرکراو بەپێی شارەکان (٣٤٩٠٤ لە ھەولێر، ٣٥٤٠٦ سلێمانی و ٨٢١٥ کرێکاریش لە دھۆک).
- تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ٧٨ ھەزار و ٥٢٥ کرێکار لە ھەرێمی کوردستان لە٢٠٣٧١ پڕۆژەدا دەستەبەرکراون. لەم رێگەیەشەوە داھاتی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ٦٦ ملیار و ٧٣٦ ملیۆن و ٢٦٥ ھەزار دینار.
- ٧٦٨١ کرێکاری بیانی لە کوردستان دەستەبەرکراون.
- ١٢%ی پارەی کرێکاری دەستەبەرکراو لە ئەستۆی خاوەنکارە و ٥%یش لە ئەستۆی کرێکارەکەیە.
- داھاتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەماوەی سێ ساڵدا لە٢٧ ملیار دینارەوە بۆ ٦٧ ملیار دینار زیادی کردووە.
- ٦٥٢ کرێکاری دەستەبەرکراو خانەنشینکراون
- کرێکاری دەستەبەکراو (پیاو ٣٠ ساڵ و ژن ٢٠) خزمەتی ھەبێت، دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ