وەزیری نەوتی عێراق: کێشەی سەرەکیی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بڕی بەکاربردنی نێوخۆییە

12-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، کێشەی سەرەکیی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕی بەکاربردنی نێوخۆییە. دەشڵێت، "عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە پشکی ئۆپیک بەهۆی هەرێمـ[ـی کوردستانـ]ـەوە زیانی پێ دەگات."
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە 12ی تەممووزی 2025 لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە رایگەیاند، "حکومەتەکانی فیدراڵی و تورکیا ئامادەن، بەڵام چاوەڕێی رادەستکردنی نەوتەکەن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە."
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "یاسای بودجە، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، بە مەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە."
 
حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، یاسای بودجە هەموار کرایەوە و بڕیاردرا 16 دۆلار وەکو پێشەکی بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێندراو بدرێتە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "ئەم رێککەوتن و هەموارکردنەوەیە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی لەسەر بوو، چونکە لە پەرلەمان خرایەڕوو و هەموو ئەندامانی پەرلەمان رەزامەند بوون."
 
سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بڕی پاڵاوتن یان بەکاربردنی نێوخۆیی بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا خەمڵێندرا، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو بڕە 65 هەزار بەرمیل بێت، ئەمەش پێشێلکاریی یاسای بودجەیە."
 
حەیان عەبدولغەنی گوتی، "ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی، لایەنی تورکی و لایەنی کوردیمان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەین بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە و هەناردەکردنی. لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیاش کۆبوومەتەوە و تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین براکانمان لە هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەست بکەن."
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "حکومەتی فیدراڵی ئێستا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل زیان دەکات، چونکە ئەو بڕەی لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت، لەسەر پشکی عێراق لە ئۆپیک هەژماردەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی سوودی لێوەرناگرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاڵاوگەیەکی نەوت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا بەرزبووەتەوە

بەپێی داتای وەزارەتی وزەی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بۆ چەند رۆژێک 149 هەزار بەرمیل زیادیکردووە. بەگوێرەی داتاکە، لە رۆژی 28-11-2025 تاوەکو 7-12-2025، رۆژانە 435 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق و باشووری کوردستانەوە هەناردەی ئەمریکا کراوە. ئەوە لە کاتێكدایە، لە نیوەی مانگی 11دا بڕی هەناردەکراو رۆژانە 378 هەزار بەرمیل بووە