زانیاری لەنێو کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچە

13-03-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، وەزیری دارایی گوتوویەتی، هەر وەزارەتێک داتای دروستی ناردبێ مووچەیان بۆی ناردووە. بۆ مانگی ئاداریش مووچە نانێرێت، تاوەکو هەژمار بۆ مووچەخۆران دروست نەکرێت. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، تەیف سامی، وەزیری دارایی رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نییە بە یاسای خانەنشینیی عێراق. 
 
رۆژی سێشەممە دادگەی فیدراڵی لەسەر ناردنی مووچە داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە پەلە بکەن لە پرۆسەی بە جێکردن (بەبانکیکردنی) مووچە و تاوەکو پرۆسەکەش تەواو دەبێت، مووچەی فەرمانبەران بە کاش بدرێت. 
 
بەڵام بەپێی قسەی دوو ئەندامی لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ وەزیری دارایی شتێکی پێچەوانەی ئەو بڕیارەی گوتووە. 

 

 
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی دوای کۆبوونەوەکە گوتی، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئادار خەرج ناکات ئەگەر هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران نەکرێتەوە. 
 
لەبارەی لیستی ئەوانەی زانیارییەکانیان نەنێردراون، جەمال کۆچەر گوتی، وەزیری دارایی پێی گوتوون، هەموو دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش تەواوی زانیارییەکانیان نێردراوە بۆیە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت.
 
پرسیاری ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوە بوو کە حکومەت بۆچی لیستی ناو و زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان نانێرێت؟ گوتیشی، "ئەگەر پرسەکە ئەمنییە، با لیژنەیەکی ئەمنی بێن و بگەنە رێککەوتن."
 
جەمال کۆچەر ئەوەشی گوت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە رێککەوتن، ساڵانە زیاتر لە 12 تریلیۆن دینار بەبێ پابەندی تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەنێردرێت، "ئەوەش بڕێکی زۆرە."
 
لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من کە بۆچی پشتی پێنابەستن بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، جەمال کۆچەر گوتی، وەزیری دارایی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری دادگەی فیدراڵی باسی بانکی حکومیی کردووە و باسی بانکی تایبەتی نەکردووە. 

هاوکات نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەڤانانی گوت، وەزیری دارایی جەختی کردووەتەوە بەبێ دروستکردنی هەژماری بانکی، مووچەی مووچەخۆران خەرج ناکات. 

کاتێک لە کۆبوونەوەکە پرسیار لە وەزیری دارایی کراوە چ بانکێک هەیە کە لە 15 رۆژدا ئەو کارە بکات، نەرمین مەعرووف گوتی، "باسی کی کارد کرا، بەڵام وردەکارییەکەی نازانین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە