نرخی ئۆنسەیەک زیو 51 دۆلار و کیلۆیەک 1650 دۆلاری تێپەڕاند

13-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زیو ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گۆڵدمان ساکسیش دەڵێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری هەیە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.10 دۆلار، یاخود 2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 51.46 دۆلار.
 
بەم پێیە ئێستا نرخی کیلۆیەک زیو 1,654 دۆلارە. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە تۆمارکرابێت.
 
نوێبوونەوەی گرژییە بازرگانییەکان لە نێوان ئەمریکا و چین، ناسەقامگیریی سیاسی و پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگدا، هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی 100٪ بەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەکات. هۆکارەکەشی بۆ سنووردارکردنی هەناردەی کانزا دەگمەنەکان دەگێڕێتەوە.
 
هاوکات گرژییە جیۆسیاسییەکانی وەک بەردەوامیی داخرانی حکومەتی ئەمریکا، پەشێویی سیاسی لە فەرەنسا و ژاپۆن، هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
 
بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکیش رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە مەودای مامناوەنددا پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو دەکەن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هاتنی سەرمایە بۆ نێو ئەو سێکتەرە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لەسەر ئاستی جیهانیش کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی زیو هەیە. ئەم ساڵ دەبێتە پێنجەمین ساڵی لەسەریەک کە کورتهێنانەکە بەردەوام بێت.
 
پار 680.5 ملیۆن ئۆنسە زیو لە پیشەسازیدا بەکارهێنراوە. پەیمانگەی جیهانیی زیو پێشبینی دەکات ئەم ساڵیش رێژەکە لە نزیک ئاستی پار بمێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.