رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی باخداری لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت هەرێمی كوردستان لە چاندنی زەیتوون و بەرهەمی زەیتی زەیتووندا، رێچكەی خۆی گرتووە و تادێت ژمارەی کارگەکانی بەرهەمەمهێنانی زەیتی زەیتوون زیاد دەبن.
وەرزی رنینی زیتوون لە سەرەتای مانگی نۆڤمبەردا دەستپێدەکات، لە کۆتایی هەمان مانگ جووتیاران بەرهەمەکەیان دەبەنە کارگەکان و دەیکەن بە زەیت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵی و سەرچاوەكان ئاو، پشتی بە زەیتوونی کارگەکان بەستووە، لە ساڵی 2018دا نزیکەی 1,500 کرێکار، زیاتر لە 2,000 تۆن زەیتوونیان بۆ گوشین بردووەتە كارگەكان و 218 تۆن زەیتیان دەستکەوتووە، بەڵام ساڵی رابردوو دوو هەزار و 844 جووتیار، 4 هەزار و 809 تۆن زەیتوونیان بردووەتە كارگەكان و نزیكەی 482 تۆن زەیتی لێ بەرهەمهێنراوە.
واتە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر زەیتوونی هێنراو بۆ كارگەكان بە رێژەی 56.5% و زەیتی بەرهەمهێنراویش بە رێژەی نزیكەی 55% زیادیكردووە.
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت: "هەرێمی كوردستان لە رووی چاندنی زەیتوون قۆناخێكی باشی بڕیوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، نزیكەی 4 ملیۆن داری زەیتوون لە هەرێمی كوردستان چێندراون، کە بەشێكیان لە قۆناخی بەرهەمدان".
لەگەڵ زیادبوونی رووبەری باخەکانی زیتوون، سەرمایەداران هەرزوو بیریان لە وەبەرهێنان لە بەری ئەو درەختە کردەوە، بە گوتەی حوسێن حەمە کەریم لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا حەوت کارگەی دەرهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی كوردستان دامەزراون.
بەپێی توێژینەوە كشتوكاڵییەكان دەركەوتووە كەشوهەوا و خاكی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی كاریگەر بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست زۆر گونجاوە بۆچاندنی زەیتوون، ئەگەر گەشە بەم بەرهەمە سترایژییە بدرێت، دەكرێت هەرێمی كوردستان هاوشێوەی سووریا و توركیا و لوبنان ببێتە هەناردەکاری زەیتوون و زەیتەکەی.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە وەزارەتی كشتوكاڵ لەچوارچێوەی پرۆژەی گەشەپێدانی زەیتوون لەنێوان ساڵانی 2008 تاوەكو 2012دا دوو ملیار و 23 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتی لە چاندنی 384 هەزار و 650 دار زەیتوون خەرجكردووە. بەرهەمی ئەو پاڵپشتییە دروستکردنی 500 باخی پێنج دۆنمی و 300 باخی 10 دۆنمی نموونەیی بوو بۆ 800 جووتیار.
وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەمان ماوەدا نزیكەی یەك ملیۆن و 750 هەزار نەمامی زەیتوونی لە سووریا، توركیا و عێراق و ئیتاڵیا و ئیسپانیا هێنا، چەند نەمامگەیەكی بەربەهەم هێنانی نەمامی زەیتوونیشی دامەزراند.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی كشتوكاڵ هانی جووتیارانی دا روو لەچاندنی زەیتوون بکەون، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان ئێستا نزیكەی 4 ملیۆن داری زەیتوون لەهەرێمی كوردستان هەن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رووپێویەك كە حكومەتی عێراق لەساڵی 2008 کردوویەتی تەنیا 169 هەزار و 400 داری زەیتوون لەهەرێمی كوردستان هەبوون
حوسێن حەمە كەریم، دەڵێت: "چاندنی زەیتوون و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە كوردستان رێچكەی خۆی گرتووە، ساڵ بەساڵ خواست لەسەر چاندنی لەزیادبووندایە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دارێكی زۆر ئابوورییە بەهۆی بەها خۆراكییەكەشی هەمیشە خواست لەسەر بەرهەمەكەی هەیە".
دوای پێگەشتنی بەرهەمی بەشێك لە باخەكان، سەرەتا جووتیاران گرفتی ساخكردنەوەی بەرهەم و دەرهێنانی زەیتیان هەبوو، 5 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن كەرتی تایبەت كارگەیەك لە هەولێر دامەزرا، دواتر وەزارەتی كشتوكاڵ بە هاوكاری حكومەتی ئیتالیا توانی لەكۆتایی ساڵی 2016 كارگەیەك بۆ جووتیاران لەهەولێر دابمەزرێنێت.
كارگەكەی ئیتاڵییەکان بەخشرایە كۆمەڵەیەكی هەرەوەزی زەیتوون، بەو مەرجەی بە نرخی كەمتر لە كارگە ئەهلییەكان زەیتوونەکە بۆ جووتیارانی کوردستان بكاتە زەیت. ساڵی رابردوو 1,200 جووتیار 809 تۆن زەیتوونیان بردووەتە ئەو كارگەیە و 96 تۆن زەیتیان دەستكەوتووە.
نیعمەت مەولود، بەڕێوەبەری كارگەکە و سەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون، دەڵێت: "ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەستمان بە وەرگرتنی زەیتوون كرد، سەرەتا رێژەی زەیت لە زەیتوونەكان 5% بوو، ئێستا دوای ئەوەی كەمێك باران باری و كەشەكە سارد بوو، رێژەكە بۆ 12% زیادبووە، چونكە سروشتی داری زیتوون وایە هەر كە بارانێك لەبەرەكەی دا و كەش سارد بوو، زەیتەكەی زیاتر دەبێت".
بەڕێوەبەری کارگەکە تێبینی لەسەر ئەو زەیتوونە هەیە کە لە چەند ساڵی رابردوو لە کوردستان چێندراوە و دەڵێت: "80%ی ئەو زەیتوونەی لە هەرێمی كوردستان چێندراوە وەك پێویست بەرهەمیان نییە. باخ هەیە نۆ جۆر زەیتوونی تێدایە، هەندێكیان هەر بەرناگرن و هەندێكیشیان بەرهەمیان کەمە، یان بەرهەمەکەیان زەیتوونی کەمە، جگە لەوەش بەشێك لە جووتیاران وەك پێویست شارەزاییان لە خزمەتكردنی باخەكاندا نییە، بۆیە بەرهەمیان كەمە".
بەر لە دامەزراندنی كارگەی هەرەوەزی جووتیاران، كارگە ئەهلییەكان لە بەرامبەر گوشینی تۆنێك زەیتوون 200 تاوەكو 250 هەزا دیناریان لە جووتیاران وەردەگرت، ئەو كات نرخی لیترێك زەیتی زەیتوون بە 25 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ گوشینی هەر تۆنێك 125 تاوەكو 130 هەزار دینار وەردەگرن، نرخی لیترێک زەیتوونیش بەگوێرەی كواڵێتییەكەی لە نێوان 11 تاوەكو 13 هەزار دینار دایە.
نیعمەت مەولود، دەڵێت: "بۆ هاوكاری جووتیاران نرخی گوشینی تۆنێك زەیتوونمان كردە 75 هەزار دینار، ئەمەش وایكرد كارگە ئەهیلییەكان ناچار بن بۆ كێبڕكێی یەكدی نرخ دابەزێنن ئێستا تۆنێك زەیتوون بە 125 تاوەكو 130 هەزار دینار بۆ جوتیاران دەگوشن."
سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵی زەیتوون، نیعمەت مولود، گوتی: "ئەمساڵ بەهۆی دیاردەی معاومە بەرهەم كەمە، پێشبینی دەكەم بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 25٪ تاوەكو 30% كەمتربێت."
دیاردەی معاوەمە بریتییە لەوەی کە درەختی زەیتوون ساڵێک بەرهەمی باش دەدات، ساڵی دواتر بەرهەمی کەم دەدات. پێشبینیدەکرێت باخەکانی زەیتوون ئەمساڵ پڕ بەرهەم نەبن.
ئەو پاشماوەیەی دوای گوشینی زەیتوون دەمێنێتەوە، دەتواندرێت لە زۆر بواری دیكە سوودی لێوەربگیرێت، وەك دروستكردنی سابوون و کەرستەی جوانكاری، ناوکەکەشی دوای هاڕین وەکو ئالیکی ئاژەڵ و پەین سوودی لێوەردەگیرێت.
نیعمەت مەولود، دەڵێت: "کارگەکەی ئێمە هیچ زەیتێک لە پاشماوەی زەیتوونەکە ناهێڵێتەوە، بۆیە بە کەڵکی دروستكردنی سابوون و کەرستەی جوانكاری نایەت، پێشتر ساڵانە دوو ملیۆن دینارمان لە فڕێدانی پاشماوەكەی دەدا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەبێ بەرامبەر دەیبەخشینە كەسێك كە بە نیازە بیکاتە خەڵووزی نێرگەلە".
لەو 800 باخەی لە چوارچێوەی پرۆژەكانی پەرەپێدانی زەیتوون دامەزراون، 270 باخیان لە پارێزگای هەولێر، بەڵام 20 باخیان بەر ماستەر پلانی هەولێر كەوتوون لەنێوبران.
سامی گەردی، سوودمەندێکی پرۆژەکەیە و لە سنووری ناحیەی بنەسڵاوە باخێكی 30 دۆنمی هەیە و نزیكەی 3000 داری زەیتوونی تێدایە، بەڵام بەرهەمی وەك پێویست نییە.
حاجی سامی گەردی، دەڵێت: "تەمەنی زەیتوونەكانم نزیكەی 11 ساڵ دەبێت، سەرجەم نەمامەكانم كاتی خۆی لە وەزارەتی كشتوكاڵ وەرگرتووە و سێ گرێبەستم لەگەڵیان هەیە، دارەكانیان بەرهەمیان كەمە پێشتر هەر زۆر كەمبوو نزیكەی سێ ساڵ دەبێت، ساڵانە 10 تاوەكو 11 تۆن بەرهەمیان هەیە".
ئەو جووتیارە گلەیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە و دەڵێت: "بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ئێمەیان گوت ئەو نەمامانەی ئەوان هێناویانە لە جۆری زۆرباشن، ئێمەش زۆر دڵمان بەوە خۆش بوو، بەڵام وا دەرنەچوو ئێستا ساڵانە پارەی خەرجی پەیین و لێكردنەوە و كرێ كارەبا و مانگانەی ئەو كرێكارەمان دەست ناكەوێتەوە كە خزمەتیان دەكات ".
بۆ ئەو گلەییانەی جووتیاران لەسەر باخە نمونەییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ هەیانە، حوسێن حەمەكەریم، دەڵێت: "زەیتون لە تەمەنی 7 ساڵیدا بەردەگرێت لە تەمەنی 14 بۆ 15 ساڵی دەگاتە قۆناخی بەرهەمی ئابووری، بۆیە دڵنیام ئەو باخانەی ئێمە بۆ جووتیاران دروستمانکردوون لە داهاتوودا بەرهەمی باشتریان دەبێت".
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، حەوت كارگەی زەیتی زیتوون لە هەرێمی كوردستان هەن (سێ كارگە لە هەولێر، یەک كارگە لە هەڵەبجە، یەک كارگە لە دهۆك ، كارگەیەک لە رانیە و کارگەیەکیش لە گەرمیان).
كارگەی راسان بۆ دەرهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەڵەبجە، ماوەی سێ ساڵە دامەزراوە. ساڵی یەكەم 329 جووتیار بەرهەمی باخەكانیان بردە كارگەكە و نزیكەی 28 تۆن زەیتی زەیتوونی لێ بەرهەم هات، ساڵی رابردووش 300 جوتیار 511 تۆن زەیتوونیان بردە كارگەكە و 45 تۆن و 447 كیلۆ زەیتیان دەستکەوتووە.
پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەتوونی راسان، دەڵێت: "ئەمساڵ لە 22ی تشرینی یەكەم دەستمان بە كاركرد، سەرەتا رێژەی زەیت زۆر كەمبوو، بەڵام ئَێستا زیادبووە".
کارگەی راسان ساڵی رابردوو نزیكەی 60 هەزار لیتر زەیت بەرهەمی هەبووە کە نزیكەی 45 تۆنی بەرهەمی خۆماڵی بووە. سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵ، پەیام سەیوان گوتی: "بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمی زەیتوون بە رێژەی نزیكەی 25% كەمیكردووە، بۆ نموونە بەرهەمی باخەكانی چەمچەمال رێژەی زەیتیان بەرزە، بەڵام بەرهەمیان كەمیكردووە".
بە گوتەی خاوەن کارگەی راسان بەهۆی ئەو رۆشنبیرییەی ئێستا خەڵك بۆ خۆراكی تەندروست هەیەتی، خواست لەسەر بەرهەمی زەیتی زەیتوونی خۆماڵی زۆر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ