نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرزبووەوە و بازاڕەکانی جیهان چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا هیچ هەوڵێکی نوێ دەدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 26 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 105 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 101 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێشبینی دەکرێت لە میانی سەردانەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ داوا لە سەرۆکی چین بکات ئێران رازی بکات رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت دابەزیبوو بەهۆی ئەوەی بازرگانان نیگەران بوون لە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی. نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساس یەک دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "نرخی نەوت لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بازرگانان لەوانەیە زیاد لە پێویست هیوایان بە سەردانەکەی ترەمپ بەستووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیران."
 
ئەو شرۆڤەکارانە دەڵێن، "ئەگەر هیچ ئاماژەیەک دەرنەکەوێت سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، رەنگە ئەمریکا بژاردەی کەمی لەبەردەستدا بمێنێتەوە و جەنگ دەستپێبکاتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە