رووداو دیجیتاڵ
عێراق بووەتە تەنیا وڵات لە ناوچەکەدا کە لە ناو خاکی خۆیدا رووبەڕووی هێرشی هەردوولای جەنگەکە (ئەمریکا و ئێران) دەبێتەوە. راپۆرتێک دەڵێت، ئەم دۆخە مەترسیی ئەوەی دروست کردووە کە عێراق، کە تاوەکو ئێستا خۆی لە ئاڵۆزییەکانی دوو ساڵی رابردوو بەدوور گرتبوو، بکەوێتە ناو قەیرانێکی گشتگیر و کۆنتڕۆڵنەکراوەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)، پەککەوتنی کەشتیوانی لە کەنداو و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوت، هەناردەی عێراقیان بە تەواوەتی پەکخستووە.
راپۆرتەکە گوتەی دوو بەرپرسی هەرێمی کوردستانی گواستووەتەوە و دەڵێت، "ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بەغدا ناتوانێت مانگی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دابین بکات، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی پشێوویی کۆمەڵایەتیی گەورەی لێ دەکرێت."
بەگوێرەی رۆژنامەکە، حکومەتی فیدراڵ داوای لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە، "بەڵام گفتوگۆکان بەهۆی کێشە سیاسییەکانی نێوانیان و پرسی ئاڵوگۆڕی دۆلار گەیشتوونەتە بنبەست."
لە دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، بنکەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا و هەولێر، لەگەڵ بارەگا دیپلۆماسییەکان، رۆژانە رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپ و میلیشیاکان دەبنەوە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بە تووندی وەڵامی داوەتەوە و بنکەکانی میلیشیاکانی لە (جورف سەخر) لە باشووری بەغدا، ناوچە سنوورییەکانی قائیم و چەندین شوێنی دیکە بۆردومان کردووە.
راپۆرتەکە دەڵێ، لە هەولێر، هێرشە درۆنییەکان نەک هەر بنکە سەربازییەکان، بەڵکو شوێنە بازرگانییەکان و هۆتێلەکانیشیان گرتووەتەوە. یەکێک لە گەورەترین گورزەکان بەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان کەوتووە:
کێڵگەی کۆرمۆر: بەهۆی هێرشەکانەوە لە کار کەوتووە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنانی کارەبا دوو لەسەر سێ کەم بکات. ئۆمێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، خەڵک تەنیا 4 بۆ 6 کاژێر کارەبایان هەیە.
کۆمپانیا بیانییەکان: کۆمپانیای شامارانی کەنەدی و HKNـی ئەمریکی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی سەرسنگ و ئەترووش راگرتووە.
واشنتن پۆست دەڵێت، عێراق لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025ـەوە بێ حکومەتە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا دژی بەربژێرکردنی نووری مالیکی وەستایەوە. "محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی سنوورداری هەیە و ناتوانێت کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان بکات."
لە راپۆرتەکە تامر بەدەوی، پسپۆڕی کاروباری عێراق دەڵێت: "ئێستا کەس نایەوێت بەرپرسیارێتیی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بگرێتە ئەستۆ."
رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێ، عێراق لە ژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ پاراستنی بێلایەنی، بەڵام لایەنە سیاسییەکان دابەشبوون؛ هەندێکیان دەیانەوێت عێراق بچێتە بەرەی ئێران و هەندێکی دیکە داوای هاوکاریی زیاتری ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن. ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە تەنگژە سیاسییەکانی گەیاندووەتە لووتکە و هەموو دەستکەوتە ئەمنییەکانی ساڵانی دوایی خستووەتە مەترسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ