رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی پێنجشەممە بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 12 لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 2693 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 1.3٪ بەرزبووەوە و بە 2717 دۆلار مامەڵەێ پێوەکرا.
جگە لە مادە خۆراکییەکان، نرخی کاڵا و شتومەک لە ئەمریکا لە مانگی 12 بەڕێژەی 3.2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە کەمترە لە ئاستی پێشبینیکراو.
کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان کاریگەری دەکاتە سەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی و بانکەکە هاندەدات بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
بارت مەلەک، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیوریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی رێژەی هەڵاوسان بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، کەمبوونەوەی هەڵاوسان "دەبێتە هۆکار بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە خاوکردنەوەی سیاسەتی نەختی خۆی."
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە رۆژی پێنجشەممە بەڕێژەی 0.1٪ دابەزی کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ بەرزبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ