رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت دووبارە رووی لە دابەزین کرد.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 44 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 94 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 70 سەنت دابەزی و بە 90 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێران پێشنیازی کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەست بەردەوام بێت، دەتوانێت رێگە بە کەشتییەکان بدات لە دیوی عومانی تەنگەی هورمزەوە تێپەڕن.
کۆشکی سپی لەلایەکی دیکەوە گەشبینیی خۆی پێشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران. هەرچەندە راشیگەیاندووە گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ئەو وڵاتە زیاد دەکات.
هەرچەندە داخرانی تەنگەی هورمز بەردەوامە لە کەمکردنەوەی دابینکاری نەوت لە جیهان، بەڵام گەشبینییەکان بە درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا نرخەکانی نەوتی دابەزاندووە.
سەرەڕای ئەوەش، توشیتاکا تازاوا، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فوجیتۆمی سیکیۆریتی) دەڵێت، "وەبەرهێنەران بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن بەو هۆیەوە کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا ئەگەرێکی لاوازە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، تاوەکو ئاشتی جێگیرنەبێت و رێڕەوەی دەریای تەنگەی هورمز بە تەواوەتی نەکرێتەوە نرخی نەوت پێشبینی دەکرێت لەنێوان 80 بۆ 100 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ