یورۆوینگز بۆ رووداو: راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەولێر تاوەکو 15ی ئایار بەردەوام دەبێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "یورۆوینگز"ی ئەڵمانی بە رووداوی راگەیاند، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تاوەکو رۆژی 14ی ئایاری 2026 بەردەوام دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی ئاگربەست راگیراوە و ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەتەوە.
 
راکێڵ کروگلەر، گوتەبێژی کۆمپانیای (یورۆوینگز) رۆژی هەینی 17ی نیسانی 2026 سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان بۆ هەرێمی کوردستان، وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
گوتەبێژەکەی یورۆوینگز کە سەر بە گرووپی لوفتانزای ئەڵمانییە، گوتی، سەلامەتیی کارمەندان و گەشتیارانیان "لە کارە هەرە لەپێشینەکانە،" بۆیە دەڵێت "لوفتانزا گرووپ" لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و "بە بەردەوامی" چاودێریی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.
 
راکێڵ کروگلەر باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان لە چەندین شاری ئەڵمانیاوە بۆ هەولێر دەستیان پێنەکردووەتەوە. کروگلەر گوتی: "بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم هاتووچۆی ئاسمانی، یورۆوینگز تەواوی گەشتەکانی بۆ هەولێر و بەپێچەوانەشەوە، تاوەکو 14ی ئایار رادەگرێ."
 
هێڵی ئاسمانیی یورۆوینگز لە کانوونی یەکەمی 2023 یەکەمین گەشتی نزیکەی چوار کاژێریی خۆی بۆ هەولێر لە بەرلینەوە ئەنجام دا. یورۆوینگز گەشتیاران بە گەشتی راستەوخۆ لە شارەکانی ئەڵمانیا وەک دووسڵدۆرف، کۆڵن، هامبۆرگ، هانۆڤەر و شتوتگارت دەگەیێنێتە هەولێر.
 
دەقی پرسیار وەڵامەکانی رووداو و گوتەبێژی یورۆوینگز:
 
رووداو: ئەگەر شەڕی ئێران کۆتایی بێت، لە چ کاتێکی نزیکدا دەست بە گەشتەکانتان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەنەوە؟
 
راکێڵ کروگلەر: بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم هاتووچۆی ئاسمانی، یورۆوینگز هەموو گەشتەکانی بۆ هەولێر و بەپێچەوانەشەوە، تاوەکو 14ی ئایار (بەو رۆژەشەوە) رادەگرێ. گرووپی لوفتانزا بە بەردەوامی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و لەو بارەیەوە لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ بەرپرسان. سەلامەتیی گەشتیاران و ستافی فڕۆکەوانان بۆ گرووپی لوفتانزا هەمیشە کارە هەرە لەپێشینەیە.
 
رووداو: لە سەرەتای شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، چەند گەشتی یورۆوینگز بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵوەشێندراونەتەوە و ئەو زیانە داراییانەی بەر کۆمپانیاکەتان کەوتوون چەندە؟
 
راکێڵ کروگلەر: بەداخەوە، بەهۆی هۆکاری کێبڕکێوە، ناتوانین زانیاریی تایبەت و زیاتر لەبارەی ئەم گەشتانە بدەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە