رووداو - هەولێر
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کە یەکێکە لە سێ گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی کوردستان و لە کێڵگەی شێخان رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بۆ رێکخستنی دارایی کۆمپانیاکە 25 ملیۆن دۆلار پشکی نوێی خستووەتەڕوو. بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیاکەش، وەبەرهێنەران پێشوازییان لێکردووە و داواکاری بۆ کڕینی پشکە نوێیەکانی کۆمپانیاکە زۆر بووە.
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن بەهۆی خراپی رەوشی دارایی نزیکبووەتەوە لە مایەپووچبوون، لەبەر ئەوەشە پلانی داڕشتووە بۆ رێکخستنەوەی چوارچێوەی پشکەکانی.
وەبەرهێنەران پێشوازییەکی باشیان لە پشکە نوێیەکانی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن کردووە، کە مانگی رابردوو لە بازاڕدا خستیەڕوو.
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کە لەکێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای سەرکارە، لەبەر دابەزینی نرخی نەوت و پێنەدانەوەی شایستە داراییەکانی ئەو وەبەرهێنەرانەی کە قەواڵە داراییەکانی کۆمپانیاکەیان لە دوو ساڵی رابردوودا کڕیبوو، رووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر هاتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی نوێی دارایی داڕشت بۆ ئەوەی پارەی کاخەزە داراییەکان بە پێدانی پشکی کۆمپانیاکە بگەڕێنێتەوە بۆ وەبەرهێنەران. لەچوارچێوەی ئەو پلانەشدا 2.29 ملیار پشکی نوێی بە بەهای 25 ملیۆن دۆلار خستەڕوو.
وەبەرهێنەران پێشوازییەکی گەرمیان لە پشکە نوێیەکانی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن کردووە، ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆ سەرکەوتنی پلانی داڕشتنەوی دارایی کۆمپانیاکە، کە قەبارەکەی 500 ملیۆن دۆلارە.
ئەوەی کە پلانەکەی ئاڵۆزکردووە پێشنیازێکی کۆمپانیای "دی ئێن ئۆ"ی نەرویجییە، کە لە کێڵگەی تاوکێ کۆمپانیای سەرکارە و پێشنیازی کڕینی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆنی کردووە بە 300 ملیۆن دۆلار، بە مەرجێک کە پلانە داراییەکەی کۆمپانیای ناوبراو لەلایەن بۆردی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن پەسندبکرێت.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، ئۆپەرەیتۆرێکی گەورەیە لە هەرێمی کوردستان و رۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
گرووپی کەپیتاڵی ئەمریکی، کە گەورەترین پشکداری کۆمپانیای گۆڵف کێستۆنە، پێشوازی لە پێشنیازەکەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ کردووە و رازییە بە فرۆشتنی کۆمپانیاکە.
هەرچەندە هێشتا دیارنییە بە چ قەبارەیەک پشکە نوێیەکانی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کڕدراون، بەڵام کۆمپانیاکە رایگەیاندووە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و داواکاری زیاتر بۆ کڕینی پشکی زیاتر لەلایەن کۆمپانیاکە هەڵپەسێردراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ