رووداو - هەولێر
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت رایگەیاند ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرقەڵا کە بە کێڵگەی گەرمیان ناسراوە، بەرزکردووەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
گازپرۆم نەفت رایگەیاند لە ساڵی 2011ـوە کە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە لەو کێڵگەیەدا، تاوەکو ئێستا بڕی دوو ملیۆن تۆن نەوتیان بەرهەمهێناوە (هەر تۆنێک نەوت دەکاتە نزیکەی حەوت بەرمیل).
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە ساڵی 2011 نەوتی بەرهەمهێنا و لە ساڵی 2015 دەستی بە گواستنەوەی نەوتی خاو کرد لە کێڵگەکەیەوە.
مانگی رابردووش بیری ژمارەی دووی کێڵگەی سەرقەڵا دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کرد، هەروەها بەهۆی پلانێکی کۆمپانیاکە بۆ هەڵکۆڵینی بیری ژمارە سێ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەدا بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 35 هەزار بەرمیل. بیری ژمارە سێی کێڵگەی سەرقەڵا توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 12 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
سێرگەی پێترۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەو بارەیەوە رایگەیاند بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن تۆن لە سەرقەڵا دەستکەوتێکی گرنگە لە پەرەپێدانی ئەو کێڵگە بەنرخە. لە ماوەی چوارساڵی کارکردنماندا لەو کێڵگەیە، ژێرخانی مۆدێرن و پێشکەوتوومان دامەزراندووە.
مەبەستی پێترۆڤ، لە دانانی ژێرخانی پێشکەوتوو لە کێڵگەی سەرقەڵا، دانانی دوو وێستگەی جیاکردنەوەیە هەریەکیان بە توانای 17 هەزار بەرمیل. گازپرۆم نەفت هەروەها وێستگەی بارکردن و گواستنەوەی نەوتی نۆژەنکردووەتەوە.
بەهۆی دانانی ئەو ژێرخانە، رێگەخۆشکراوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا.
گازپرۆم ئەمساڵ پلانی هەیە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، یەکەیەکی پشتیوانی ئاو لە کێڵگەکەدا دابمەزرێنێت کە توانای گواستنەوەی رۆژانە پێنج هەزار بەرمیل ئاوی هەیە بۆ ناو بیرە نەوتەکان.
هەریەکە لە کۆمپانیاکانی گازپرۆم نەفت و وێسترن زاگرۆس لە کێڵگەی سەرقەڵا، خاوەنی رێژەی 40%ـی پشکەکانن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی 20%ـیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ